نێچیرڤان بارزانی: باشترین وەفا بۆ خوێنی شەهیدان یەکڕیزییە
2 كاتژمێر لەمەوپێش
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی تەقینەوەکانی 1ی شوباتی 2004ـدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و شەهیدانی ئەو رۆژەی بە "سیمبوولی پێکەوەژیان، یەکڕیزی و تێکەڵبوونی خوێنی رۆڵەکانی کوردستان" وەسف کرد.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی بۆ یادی شەهیدانی یەکی شوبات بڵاوکردەوە و دەڵێت: بە ڕێز و شکۆوە یادی شەهیدانی ئەو ڕۆژە دەکەینەوە و باشترین وەفا بۆ خوێنی شەهیدانی 1ـی شوبات و سەرجەم شەهیدانی کوردستان، پاراستنی دەستکەوتەکان، قووڵکردنەوەی گیانی تەبایی و پێکەوەکارکردن و یەکڕیزیی نێوان لایەنە سیاسییەکانە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 1-2-2026، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکیدا ڕایگەیاند: ئەمڕۆ بە ڕێز و شکۆوە یادی شەهیدانی نەمری مەرگەساتی 1ـی شوباتی 2004 دەکەینەوە، ئەو ڕۆژەی تیرۆریستانی تاریکپەرست لە بەیانییەکی جەژندا، بە ڕق و کینەیەکی ڕەشەوە، دوو بارەگای سەرەکیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیان لە هەولێر کردە ئامانج و کۆمەڵێک سەرکردە و تێکۆشەری دیار و هاووڵاتیی بێتاوانیان شەهید و بريندار کرد
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دووپاتی کردەوە؛ باشترین وەفا بۆ خوێنی شەهیدانی 1ـی شوبات و سەرجەم شەهیدانی کوردستان، پاراستنی دەستکەوتەکان، قووڵکردنەوەی گیانی تەبایی و پێکەوەکارکردن و یەکڕیزیی نێوان لایەنە سیاسییەکانە. دەبێت ئەم یادە بکەینە هەوێنی تێپەڕاندنی ناکۆکییەکان و کارکردن بۆ بنیاتنانی داهاتوويهكى گەشتر بۆ نەوەکانمان کە شایستەی قوربانیدانی شەهیدانمان بێت.
