سەرۆک بارزانی: گەلی کورد یەک نەتەوەیە و یەک چارەنووسیان هەیە
4 كاتژمێر لەمەوپێش
ئەمڕۆ شەممە 31ـی کانوونی دووەمی 2026، شیفا بارزانی، سەرپەرشتیاری گشتی ڕەوەندی کوردستانی لە خۆپێشاندانی فراوانی ڕەوەندی کوردستانی لە شاری بۆنی ئەڵمانیا، بۆ پشتیوانی لە ڕۆژئاوای کوردستان، پەیامی سەرۆک بارزانی خوێندەوە و سەرۆک بارزانی لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە،جێی شانازییە کوردستانیان پاڵپشتی رۆژئاوا دەکەن.
لە شاری بۆنی وڵاتی ئەڵمانیا، بە بەشداریی هەزاران کوردستانیی دیاسپۆرا، گردبوونەوەیەکی جەماوەریی فراوان لەلایەن کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانییەوە بۆ پشتیوانیکردن لە ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێوەچوو.
لە مەراسیمەکەدا، شیفا بارزانی، سەرپەرشتیاری گشتیی ڕەوەندی کوردستانی لە بارەگای بارزانی، پەیامێکی گرنگی سەرۆک بارزانی ئاراستەی بەشداربووان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد.
سەرۆک بارزانی لە پەیامەکەیدا دەستخۆشیی لە یەکدەنگی و هەڵوێستی نیشتمانیی کوردانی دەرەوەی وڵات کرد و ڕایگەیاند: جێگەی شانازییە کوردستانیان هەمیشە دەنگێکی بەهێز و یەکگرتوون بۆ پشتیوانیکردنی دۆزی ڕەوای گەلەکەیان لە هەر بەشێکی نیشتمان بێت.
سەرۆک بارزانی تیشکی خستە سەر مێژووی خەباتی گەلی کوردستان و ئاماژەی بەوە دا کە دابەشکردنی کوردستان لە سەدەی 20ـەمدا زوڵمێکی گەورە بوو، بەڵام نەهامەتی و ئازارەکان نەیانتوانی ئیرادەی گەلەکەمان تێکبشکێنن، بەڵکو کورد هۆشیارتر و پێداگرتر بوو لەسەر بەدەستهێنانی مافەکانی.
قوربانیدانی گەلی کورد
سەرۆک بارزانی باسی لە قوربانیدانی بێ ژماری تێکۆشەرانی ڕۆژئاوای کوردستان کرد کە ساڵانێکی درێژ دەربەدەری و ئاوارەیی و زیندانیان چەشتووە و لە جەنگی دژ بە تیرۆریستانی داعشدا بە خوێنی گەنجانی خۆیان بوونە قەڵای بەرگری لە هەموو مرۆڤایەتی.
ڕۆژئاوای کوردستان ڕووبەڕووی هەڕەشەیەکی نوێ دەبێتەوە
لە پەیامەکەیدا سەرۆک بارزانی هۆشداری دا لەوەی، ئێستا ڕۆژئاوای کوردستان ڕووبەڕووی هەڕەشەیەکی نوێ و بارودۆخێکی ئاڵۆز بووەتەوە، بۆیە ئەرکی نەتەوەیی هەر کوردێکە پشتیوانی خوشک و براکانی بێت.
داواشی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی ڕۆژئاوا کرد بەرپرسیارێتیی خۆیان بەرانبەر بە کورد هەڵبگرن و ڕێگە نەدەن کارەساتەکان دووبارە ببنەوە.
کورد پارێزەری مرۆڤایەتی
سەرۆک بارزانی دووپاتی کردەوە، کورد لە شەڕی داعشدا پارێزەری مرۆڤایەتی بووە، بۆیە ئێستا ئەرکی مرۆڤایەتییە کە پارێزەری کوردستان بێت.
کورد هەمووی یەکە و پاشەڕۆژی یەکە
سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردەوە، جیاوازیی سنوور و بیروڕای سیاسی ناتوانن پەیوەندیی مێژوویی و نەتەوەیی کورد لاواز بکەن، چونکە کورد یەک نەتەوەیە و یەک پاشەرۆژی هاوبەشی هەیە.
داواشی لە خۆپیشاندەران کرد بە شێوازێکی مەدەنی و ئاشتییانە و بە پابەندبوون بە یاساکانی ئەو وڵاتانەی تێیدا دەژین بەردەوام بن. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە کێشەی کورد لەگەڵ ڕژێمەکانە نەک نەتەوەکان، بۆیە دەبێت ڕێگە نەدرێت ڕق و کێشە لە نێوان کورد و نەتەوەکانی تردا دروست ببێت، چونکە پەیامی کورد هەمیشە ئاشتی و مرۆڤدۆستی و پێکەوەژیانە.
مافی گەلی کورد گرەنتی بکرێت
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆک بارزانی داوای لە حکومەتی سووریا و هێزەکانی هەسەدە کرد کە لەسەر ئاگربەست بەردەوام بن و پەنا بۆ دیالۆگ و لێکتێگەیشتن ببەن.
جەختیشی کردەوە، دەبێت مافە سیاسی و مەدەنی و نیشتمانییەکانی گەلی کورد لە دەستووری داهاتووی سووریادا گەرەنتی بکرێن.
سەرۆک بارزانی داوای لە کوردستانیان کرد ئومێدێکی گەشیان بە پاشەرۆژ هەبێت و هەمیشە پشت بە ڕەوایەتیی دۆزی گەلەکەیان ببەستن.
ئەم پەیامەی سەرۆک بارزانی و گردبوونەوە گەورەکەی شاری بۆن لە کاتێکدایە کە رۆژئاوای کوردستان لە قۆناغێکی سیاسی و ئەمنیی هەستیاردایە، بڕیاری ناردنی هێزی پێشمەرگە لە ساڵی 2014 بۆ پشتیوانیی کۆبانێ و ڕۆڵی سەرۆک بارزانی لەو سەردەمەدا، وەک بنەمایەکی مێژوویی بۆ یەکڕیزیی نەتەوەیی کورد دەبینرێت، ئەمڕۆ لە ساڵی 2026، کوردانی دیاسپۆرا لە ڕێگەی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانییەوە هەوڵ دەدەن ئەو یەکدەنگییەی کە سەرۆک بارزانی داوای دەکات، بکەنە گوشارێکی دیپلۆماسی بۆ سەر وڵاتانی ئەورووپا تاوەکو مافە دەستوورییەکانی کورد لە سووریای نوێدا پارێزراو بن و ڕێگە لە هەر هێرش و گەمارۆیەکی نوێ بگیرێت.
