خێزانێکی نۆ کەسی ژەهراوی بوون و یەکێکیان گیانی لەدەستدا
2 كاتژمێر لەمەوپێش
لە گوندێکی ناحیەی بالیسانی سەربە پارێزگای هەولێر خێزانێکی نۆ کەسی ژەهراوی بوون. ئاڤا زانیویەتی یەکێک لەوانەی ژەهراوی بووە منداڵێکی تەمەن چوار ساڵە و گیانی لەدەست داوە.
- هەشت کەسەکەی دیکەش براونەتە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری و هەولێر و چارەسەریان بۆ دەکرێت، بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاڤا دۆخی بەشێکیان ناجێگیرە.
بەگوتەی کەسوکاری ئەوانەی ژەهراویبوون ئەو خێزانە مۆلیدەیان داگیرساندووە و بەهۆی دووکەڵی مۆلیدەکەوە ژەهراوی بوون.
یەکێک لە كەسوكاری ئەو خێزانە بە ئاڤای وت، شەوی ڕابردوو دوای ڕووداوەكە بە ئۆتۆمبێلی خۆم دوو لە ئەندامانی ئەو خێزانەم گەیاندە نەخۆشخانەی فریاكەوتن كە هەردووكیان منداڵ بوون، بەڵام بەداخەوە یەكێك لە منداڵەكان بەر لە گەیشتنی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا، دواتر پزیشك پێی ڕاگەیاندین كە ئەو خێزانە سەرجەمیان بە دووكەڵی موەلیدە ژەهراوی بوونە.
- بەو پێیەی مۆەلیدەكە بە گاز هەڵكراوە و بەهۆی سەرما و سۆڵە هەر لەنێو بەیتوونەی خانووەكە داگیرسێنراوە، بۆیە هەستیان بەوە نەكردووە كە بەرە بەرە گازی ژەهراوی بەنێو ماڵەكەدا بڵاوبووەتەوە.
