بنەماڵەی شەهید ئەحمەد: سەربەرزین کە خاوەن شەهیدی هەر چوار بەشی کوردستانین
2 كاتژمێر لەمەوپێش
بنەماڵەی شەهید ئەحمەد هێمن گوتیان : "شەهید ئەحمەد سەربەرزی کردین کە ئێمە خاوەن شەهیدی هەر چوار بەشی کوردستانین، شەهید ئەحمەد تەنها کوڕی ئێمە نیە و کوڕی هەر چوار بەشی کوردستانە".
شەهید ئەحمەد هێمن عومەر خەڵکی شاری کەرکووکی باشوری کوردستانە، لە ٢٠ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، لە چوارچێوەی سەفەربەریی گشتیدا چووە ڕۆژئاوای کوردستان و لە ٢٧ـی هەمان مانگ لە بەرخۆدان دژی هێرشی چەتەکانی جۆلانی-داعش و دەوڵەتی تورک لە سنووری حەسەکە شەهیدبوو، سەبارەت بە شەهادەتی شەهید ئەحمەد، بنەماڵەکەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوان و ڕایانگەیاند، "کە شەهید ئەحمەد تەنها شەهیدی بنەماڵەکەی نیە بەڵکو شەهیدی هەر چوار بەشی کوردستانە و سەربەرزن و شانازی پێوەدەکەن".
'شەهیدی هەر چوار بەشی کوردستانە'
جەمال حەداد، مامی شەهید ئەحمەد سەبارەت بە شەهیدی ئەحمەدی برازای گووتی: "دوو هەفتە لەمەوبەر کاتێک شەهید ئەحمەد درک بە مەترسی کۆمەڵکوژی خوشک و براکانی لە رۆژئاوای کوردستان، ئەویش هەست بە بەرپرسیارێتی دەکات و خوی دەگەینێتە رۆژئاوای کوردستان بەمەبەستی بەرگری کردن لە گەلەکەی، شەهید ئەحمەد تەنها شەهیدی بنەماڵەکەی نیە بەڵکو شەهیدی هەر چوار بەشی کوردستانە و شانازی بە تەواوی شەهیدانی کوردستان دەکەین کە هەموویان شەهیدی ئێمەن، شەهید ئەحمەد یەکەم شەهیدی ئێمە نیە و دواینینش نابێت، پێویستە بە خوێن و قوربانی خاک وگەلەکەمان بپارێزین".
'بەردەوام بن لە سەفەربەری بۆ رۆژئاوا'
لە درێژەی قسەکانیدا، جەمال حەداد گووتیشی: "هیوادارین شەڕڤانان خۆڕاگربن لەدژی هەموو مەترسییەکانی سەر گەلەکەمان، وە داواکارین هەموو گەلی کورد لە هەر چوار بەشی کوردستان بەردەوام بن لە سەفەربەری بۆ رۆژئاوای کوردستان، منیش وەکو پێشمەرگەیەکی دێرین ئامادەم بچم بۆ بەرگری لە رۆژئاوای کوردستان".
دڵدار خاک، ئامۆزای شەهید ئەحمەد هێمن، جەختی لەوەکردەوە کە شەهید ئەحمەدی ئامۆزای وەکو کوردێکی کەرکوکی ئەو تاوان و کۆمەڵکوژییەی پێ قەبووڵ نەکرا کە دژی گەلی کورد لە رۆژئاوا بەڕێوەدەچوو بۆیە ڕووی کردە بەرەکانی جەنگ لە ڕۆژئاوای کوردستان بۆ پاراستنی نشتیمان ، دڵدار خاک ووتیشی : "هەواڵی شەهیدبوونی تەواوی کەرکوکی خەمبار کرد، ئێمەش وەکو بنەماڵەی شەهید ئەحمەد سەربەرزین بە شەهیدبوونی کە لەپێناو نیشتیمانەکەی شەهیدبووە".
'لەپێناو ئەو ڕێبازە چووە سەنگەرەکانی بەرگری لە رۆژئاوا'
لە کۆتایی قسەکانیدا، دڵدار خاک ئامۆزای شەهید داوای لە شەڕڤانان و هاوسەنگەرانی شەهید ئەحمەد کرد کە تۆڵەی شەهید ئەحمەد بکەنەوە و خوێنی بەفیڕۆ نەچێت چونکە شەهید ئەحمەد لەپێناو پاراستنی ئەوان و ئەو ڕێبازە چووە سەنگەرەکانی بەرخۆدان لە رۆژئاوای کوردستان".
