ئیلهام ئەحمەد وردەکاریی ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ دیمەشق ئاشکرا دەکات

2 كاتژمێر لەمەوپێش



ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، ناوەڕۆکی ڕێککەوتنە نوێیەکەیان لەگەڵ حکوومەتی سووریا خستەڕوو و ڕایگەیاند، ڕێککەوتنەکە زەمانەتی ئاگربەستی هەمیشەیی دەکات و تێیدا بڕیار لەسەر تێکەڵکردنەوەی هەسەدە بە سوپای سووریا و مانەوەی زمانی کوردی وەک زمانی فەرمی خوێندن دراوە.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ئیلهام ئەحمەد باسی لەوە کرد کە ئامانجی سەرەکیی واژۆکردنی ئەم ڕێککەوتنە ڕێگریکردن بووە لە قڕکردنی هاووڵاتییان و گەیشتن بە ئاگربەستێکی هەمیشەیی. بەگوێرەی ڕێککەوتنەکە، دەبێت ئەو گرووپە چەکدارانەی لەم دواییانەدا پێشڕەوییان کردووە، بە گەرەنتیی وڵاتانی نێوەندگیری پرۆسەکە، بۆ شوێنەکانی خۆیان بکشێنەوە و هێڵەکانی بەرکەوتنی نێوان سوپای سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دیاری کراون.

سەبارەت بە چارەنووسی هێزە سەربازییەکان، ئیلهام ئەحمەد ئاشکرای کرد کە پرۆسەی تێکەڵکردنەوەی هەسەدە بە سوپای سووریا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. بەپێی پلانەکە، سێ لیوا لە حەسەکە و کۆبانێ دروست دەکرێن کە تایبەت دەبن بە ناوچەکە و لە چوارچێوەی سیستەمی بەرگریی سووریادا دەبن، بۆ ئەم مەبەستەش ژمارەیەک لە هێزەکانی سوپای سووریا دەچنە ناو حەسەکە.

لەبارەی دۆسیەی ئەمنی و ناوخۆییەوە، بەرپرسەکەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دڵنیایی دا کە "هێزەکانی ئاسایش لە ناوچەکە دەمێننەوە و دەبنە هێزێکی فەرمی و کەس شوێنی ئەوان پڕ ناکاتەوە."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئیلهام ئەحمەد تیشکی خستە سەر لایەنی ئیداری و ڕۆشنبیریی ڕێککەوتنەکە و ڕایگەیاند: دیاریکردنی پارێزگاری حەسەکە لە دەسەڵاتی ئێمەدا دەبێت و دامەزراوەکانی وەک پەروەردە ڕێکدەخرێنەوە، بەجۆرێک زمانی کوردی وەک زمانی فەرمی لە خوێندندا دەمێنێتەوە؛ ڕاشیگەیاند کە بڕیارە مەرسوومێک لە سەرۆکایەتیی سووریاوە دەربچێت، کە تێیدا بەشێوەیەکی فەرمی دان بە هەموو ئەو بڕوانامانەدا دەنێت کە بە زمانی کوردی بەدەست هێنراون.

لەبارەی ئەو مەرسوومەی پێشتریش کە دەرچووە، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئاماژەی بەوە دا کە تێبینییان لەسەری هەیە و پێیان وایە کەموکوڕی تێدایە و هەندێک خاڵ پێویستی بە گۆڕانکارییە، بۆیە گفتوگۆکان لەو بارەیەوە بەردەوام دەبن. هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە کارمەندانی دامەزراوەکانی ناوچە کوردییەکان دەبێت سەرجەمیان دانیشتووی خودی ناوچەکە بن.

سەبارەت بە دەروازە سنووری و خاڵەکان، ئیلهام ئەحمەد ئاشکرای کرد کە هێشتا ناکۆکی لەسەر ئەو پرسە ماوە و گفتوگۆکان بەردەوامن، چونکە داوای ئەوان ئەوەیە کە ئەرکی پاراستنی خاڵە سنوورییەکان لە دەستی دەسەڵاتدارانی ناوچەکەدا بێت.

ئاماژەی بەوە دا، بەو پێیەی ئێستا سووریا لەبەردەم هەڵبژاردن و قۆناغێکی نوێی سیاسی و دەستووریدایە، بۆیە پێویستە دەسەڵاتەکان دابەش بکرێن و هاوبەشییان تێدا بکرێت. هەر بۆیە ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ تێکۆشانمان دەکەوێتە قۆناغێکی نوێوە و دەست بە تێکۆشانی سیاسی، یاسایی و دەستووری دەکەین،" هەروەها بەڵێنی دا هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ زامنکردنی مافی شەهیدان و بەدیهێنانی ئامانجەکانیان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار