ئیلهام ئەحمەد: بەپێی رێککەوتنەکە، خەڵکی عەفرین و سەرێکانی دەگەڕێنەوە شوێنی خۆیان

3 كاتژمێر لەمەوپێش



ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەریی خۆسەر، رێککەوتنی نێوان هەسەدە و دیمەشق بە "هەنگاوێکی گرنگ" بۆ سەقامگیری وەسف دەکات و داوا لە ئەمریکا و فەرەنسا دەکات رۆڵی زامنکار بگێڕن لە جێبەجێکردنی خاڵەکانی رێککەوتنەکەدا.

 لە راگەیێندراوێکدا ئیلهام ئەحمەد سوپاسی هەوڵەکانی واشنتن و پاریسی کرد بۆ گەیشتن بەم لێکتێگەیشتنە. ئەو جەختی لەوە کردەوە کە هاتنی هێزە ئەمنییەکان بۆ ناوەندی شارەکان، پرۆسەیەکی "بەرپرسیارانە و قۆناخ بە قۆناخە" و ئامانجی پاراستنی کەرامەتی هەموو پێکهاتەکان و زامنکردنی هاوبەشیی راستەقینەیە. دەشڵێت: "ئەم رێککەوتنە رێ خۆش دەکات بۆ گەشەپێدانێکی دادپەروەرانە و گەڕانەوەی بەکەرامەتی ئاوارەکانی عەفرین و سەرێکانی بۆ زێدی خۆیان."

بەگوێرەی ناوەڕۆکی رێککەوتنەکە کە رۆژی هەینی، 30ی کانوونی دووەمی 2026 بڵاوکرایەوە، هەردوولا لەسەر راگرتنی شەڕ و کشانەوەی هێزەکان لە هێڵەکانی بەریەککەوتن رێککەوتوون. بڕیارە فیرقەیەکی سەربازی پێکبهێنرێت کە سێ لیوای لە هێزەکانی هەسەدە بێت، لەگەڵ پێکهێنانی لیوایەکی تایبەت بە کۆبانی لە چوارچێوەی سوپای سووریا لە پارێزگای حەلەب.

لە لایەکی دیکەوە، دامەزراوەکانی بەڕێوەبەریی خۆسەر تێکەڵ بە دامەزراوەکانی دەوڵەت دەکرێن و فەرمانبەرانی مەدەنی لە شوێنەکانی خۆیان جێگیر دەکرێن. رێککەوتنەکە بەڵێنی یەکلاکردنەوەی مافە مەدەنی و پەروەردەییەکانی گەلی کورد دەدات، وەک هەنگاوێک بۆ یەکخستنی خاکی سووریا و بونیاتنانەوەی وڵات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار