داهاتی سلێمانی و هەڵەبجە لە مانگی یەکدا کەمیکردووە
2 كاتژمێر لەمەوپێش
بەگوێرەی داتاکانی پێگەی "شەفافییەت"، داهاتی نانەوتیی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، لەگەڵ ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین بۆ مانگی کانوونی دووەمی 2026 کەمبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە. کۆی گشتیی داهاتەکە گەیشتووەتە 44,752,000,000 دینار، کە لەو بڕە 38,518,000,000 دیناری بە کاش و 6,233,000,000 دیناریشی بە شێوەی چەک بووە.
داهاتی نانەوتیی ئەم ناوچانە بەراورد بە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2025، کە بڕەکەی 62,005,000,000 دینار بووە، بە ڕێژەی 28% کەمیکردووە. هەروەها داتا گشتییەکان نیشانی دەدەن کە کۆی داهاتی نانەوتیی سلێمانی و هەڵەبجە لە تەواوی 12 مانگی ساڵی ڕابردوودا گەیشتووەتە 900,820,000,000 دینار.
ئەم داتایانە لە ڕێگەی 6 گەنجینە، 28 وەزارەت و دەستە، لەگەڵ سەدان بەڕێوەبەرایەتی کۆدەکرێنەوە. ڕۆژانە تیمێکی تایبەت کە لە 828 فەرمانبەر پێکهاتوون، وردەکاریی داهاتەکان لە پێگەی شەفافییەت تۆمار دەکەن. ئەم پڕۆژەیە لە تەممووزی 2022ـەوە بە بڕیاری قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەستی پێکردووە.
پڕۆژەی شەفافییەت وەک هەنگاوێک بۆ ڕوونیی دارایی لە پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و ڕاپەڕین جێبەجێ دەکرێت. سیستمەکە ڕێگە دەدات هاووڵاتییان و لایەنە پەیوەندیدارەکان بە شێوەیەکی ڕۆژانە ئاگاداری قەبارەی کۆکردنەوەی داهاتە نانەوتییەکان بن و چاودێریی جموجۆڵە داراییەکانی ئەو ناوچانە بکەن._
