مەسرور بارزانی: هیچ رێککەوتنێک لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار نەکراوە

3 كاتژمێر لەمەوپێش



مەسرور بارزانی دەڵێت، تا ئێستا پارتی و یەکێتی لەبارەی پرسی سەرۆککۆمار نەگەیشتوونەتە رێککەوتن. لەبارەی رۆژئاوای کوردستانیش، جەخت دەکاتەوە، "سەرۆک بارزانی ڕۆڵی سەرەکی هەبووە لە ڕاگرتنی شەڕ و رێککەوتنی نێوان هەسەدە و دیمەشق."

بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 01ـی شوباتی 2026،  بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رێوڕەسمی ساڵیادی 'شەهیدانی یەکی شوبات' لە هەولێر بەڕێوەچوو.  لە رێوڕەسمەکەدا، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تاجەگوڵینەی رێز و وەفای لەسەر مۆنۆمێنتی شەهیدانی یەکی شوبات دانا.

دوای تەواوبوونی ڕێوڕەسمەکە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا وەڵامی ژمارەیەک پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە و باسی لە پێکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان، هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق، دۆخی رۆژئاوای کوردستان و چەند پرسێکی دیکەی کرد. 

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دووپاتی کردەوە، گفتوگۆکانی هەردوو شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق بەردەوامن، بەڵام وەک خۆی گوتی "تا ئێستا نەگەیشتوونەتە رێککەوتن". 

مەسرور بارزانی دووپاتی کردەوە، پێکهێنانی کابینەی دەیەم و هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار "دوو پرسی جیاوازن و پێموایە نابێت تێکەڵ بکرێن." گوتیشی "هەڵبژاردنی کوردستان لێرە کراوە و هەڵبژاردنێکی تریش لە سەرتاسەری عێراق کراوە دوو پرسی جیاوازن و پێموا نییە تێکەڵ بکرێن یان هیچ لە بابەتەکان بگۆڕێت، بۆیە ئێمە بە دوو پرسی جیاواز تەماشای هەردوو لایان دەکەین."

هەر لەبارەی پێکهێنانی حکوومەت، مەسرور بارزانی گوتی "ئێمە هەر دوای هەڵبژاردنی کوردستان کە ساڵێک زیاتری بەسەردا چووە، گوتوومانە پێویستە رێز لە دەنگی خەڵکی کوردستان بگیرێت و رێز لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بگیرێت. ئێمە هەر لەسەر ئەو بیرۆکەی خۆمان بەردەوامین، ئەمە بیروبۆچوونی پارتییە کە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن دەبن بە رێگە بۆ دروستکردنی کابینەی حکوومەت."

لەبارەی سەردانەکەی شاندی چوارچێوەی هەماهەنگی کە بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە، لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆببێتەوە، سەرۆکی حکوومەت ئەوەی خستەڕوو، چاوەڕێی ئەنجامی کۆبوونەوەکەی نێوان شاندەکە و سەرۆک بارزانی دەکەن و دواتر بە رەچاوکردنی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کورد، بڕیاری کۆتایی لەبارەی پرسەکان دەدەن. 

سەرۆکی حکوومەت لە 22ـەمین ساڵیادی شەهیدانی یەکی شوباتدا، رایگەیاند "هیوادارین ئەم نەهامەتانە چیتر بەسەر گەلی کورددا نەهێن، بەداخەوە ئەمە ساڵڕۆژی شەهیدبوونی کۆمەڵێک سەرکردە و خەڵکی کوردستانە کە بەداخەوە لە کردەوەیەکی تیرۆریستیدا هەموویان شەهید بوون. ئەمڕۆ یادکردنەوەی ئەو شەهیدانە و هەموو شەهیدانی ڕزگاریخوازی کوردستان."

مەسرور بارزانی لەم بۆنەیدا جەختی یەکڕیزی و یەکگرتوویی گەلی کورد کردەوە و گوتی، "دەبێت (رووداوە تیرۆریستییەکە) ئەو پەیامەمان پێ بدات کە دەبێت ئێمە یەکگرتوو بین، خاوەن هەڵوێست بین و لەسەر مافە رەواکانی گەلەکەمان بەردەوام بین و رێگەی ئەو شەهیدانە ئینشائەڵڵا بەرنەدەین تا دەگەین بە ئامانجی کۆتایی گەلەکەمان."
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار