دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار دواخرا
2 كاتژمێر لەمەوپێش
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، دانیشتنی پەرلەمان، کە تایبەت بوو بە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، دواخرا.
هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی دەڵێت، رێژەی ئاسایی بۆ دانیشتنەکە تەواو نەبووە و لەگەڵ پارتی رێککنەکەوتوون و دوو کاندیدی جیاوازیان بۆ پۆستەکە دەبێت.
ئەمە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ لایەنە شیعەکان سەردانی هەولێر دەکەن و لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆدەبنەوە.
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە، 1ی شوباتی 2026، لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، دانیشتنە دیاریکراوەکەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بەڕێوە ناچێت و بۆ کاتێکی دیکە دواخراوە.
سیپان شێروانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، دواخستنی دانیشتنەکە پەیوەندی بە تەواونەبوونی رێژەی یاسایی (نیصاب) ئامادەبووانی پەرلەمانەوە هەیە، بەو پێیەی لایەنە سیاسییەکان نەگەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران.
بەپێی دەستووری عێراق، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار پێویستە دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان ئامادە بن.
کێبڕکێی سەرەکی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار لەنێوان فوئاد حوسێن، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان و نزار ئامێدی، بەربژێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندایە و تاوەکو ئێستا هەردوولا لەسەر بەربژێرەکانیان سوورن.
لەلایەکی دیکەوە، 52 پەرلەمانتار لە نووسراوێکدا داوایان لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان کردووە پابەندی وادەی دانیشتنەکە بن.
یوسف کلابی، پەرلەمانتاری عێراق بە رووداوی راگەیاند، "دواخستنەکە (لە 27ی مانگەوە بۆ ئەمڕۆ) لەسەر داوای پارتی و یەکێتی بوو، بۆیە داوا لەو دوو لایەنە دەکەین وەک رێزێک بۆ عێراق و گەلەکەی ئەم پرسە پێش یەکشەممە یەکلایی بکەنەوە."
کلابی هۆشداری دا ئەگەر رێکنەکەون، ئەوا هەریەکە و بە بەربژێری خۆی دەچێتە پەرلەمان و "ئەوکات پڕۆسەی دەنگدان تووشی ئاڵنگاری دەبێت."
