قەدەغەی هاتووچۆ لە حەسەکە چووە بواری جێبەجێکردنەوە
3 كاتژمێر لەمەوپێش
میدیاکانی رۆژاڤا دەڵێن، قەدەغەی هاتوچۆ لە حەسەکە دەستیپێکردووە و کەمێکی دیکە گروپێکی ئاسایشی ناوخۆی سوریا دێنە نێو شارەکە مەبەستی جێبەجیکردنی رێککەوتنی نێوان هەسەدە و حکومەتی سوریا.
لە پارێزگای حەسەکە قەدەغەى هاتوچۆ ڕاگەیێنراوە و بازاڕ و دووکانەکان داخراون، بڵاوە بەهێزە ئەمنییەکان کراوە، فڕۆکەى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتیش لە ئاسمانى حەسەکە دەسووڕێنەوە و چاودێریى دۆخەکە دەکەن، ئەم جموجۆڵانە مەبەست لێیان، جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوان هەسەدە و دیمەشقە..
لە حەسەکە ڕایگەیاند، وەک ئامادەکارییەک بۆ هاتنى هێزە ئەمنییەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق، لە کاتژمێر 6:00ـى بەیانیى ئەمڕۆوە قەدەغەى هاتوچۆ لە حەسەکە چووەتە بوارى جێبەجێکردنەوە، تاوەکو کاتژمێر 6:00ـى ئێوارە بەردەوام دەبێت.
هێزەکانى سووریاى دیموکرات هەسەدە و ئاسایشى ناوخۆ لەناو حەسەکە و دەوروبەرى بڵاوەیان پێکراوە و چاوەڕێى هاتنى هێزە ئەمنییەکان دەکەن بۆ حەسەکە. ماوەى سێ ڕۆژە، فڕۆکەى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى لە ئاسمانى حەسەکە بە نزمى دەسوڕوێنەوە و چاودێریى دۆخەکە دەکەن.
لە قامیشلۆیش ڕایگەیاند، ئامادەکارییەکان بۆ هاتنى هێزە ئەمنییەکان دەستیانپێکردووە و بڕیارە لە سبەى سێشەممەوە لە کاتژمێر 6:00ـى بەیانى تاوەکو کاتژمێر 6:00ـى ئێوارە قەدەغەى هاتوچۆ بچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.
بەگوێرەى زانیارییەکان، هێزە ئەمنییەکانی سەر بە دیمەشق بە 15 ئۆتۆمبێل لە سەنتەری پارێزگای حەسەکە و 15 ئۆتۆمبێل لەناو شارى قامیشلۆ لە چوارگۆشەى ئەمنى جێگیر دەکرێن و بۆ ماوەى 10 ڕۆژ دەمێننەوە، پاشان دواى تەواو بوونى ئەرکەکانیان دەگەڕێنەوە بۆ دیمەشق، لەماوەى مانەوەیاندا کار بۆ تێکەڵکردنى هێزەکانى ئاسایشى ڕۆژئاوا لەگەڵ وەزارەتى ناوخۆى سووریا دەکرێت.
بەگوێرەى زانیارییەکانى کەناڵ8، لە شارى کۆبانێ کە لە 95%ـى دانیشتووانەکەى کوردن، هێزە ناچێتە ناو کۆبانێ، بەڵکو لە ناوچەى (شێخ لەر) جێگیر دەبن کە زۆرینەى دانیشتووانەکەى عەرەبن و دەکەوێتە 40 کیلۆمەتر لە خۆرئاواى کۆبانێ.
