کۆمسیۆن: پارەی کارمەندانی سەر سندوقی دەنگدان دابەشدەکرێت
2 كاتژمێر لەمەوپێش
وتەبێژی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان ئاشكرایكرد، لەهەفتەی داهاتوەوە دەستدەكەن بەخەرجكردنی پارەی كارمەندانی كۆمسیۆن و دەشڵێت،" دابەشكردنی پارەكەش لەڕێگەی ڤیزاكارتی بانكییەوە دەبێت و تا كۆتایی ئەم مانگە پارەی سەرجەم كارمەندەكانی كۆمسیۆن دابەشدەكرێت".
جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕایگەیاند، دوای تەواوكردنی وردبینیكردن لەناوی ئەو كەسانەی كە وەك فەرمانبەری كۆمسیۆن ناویان تۆماركرابوو بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، ماوەی چەند رۆژێكیشە دەستمان كردووە بە رێكارەكانی خەرجكردنی بڕی پارەی ئەو كارمەندانە لەڕێگەی ڤیزا كارتەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، تا ئەمڕۆ پارەی كارمەندانی حەوت پارێزگا لەڕێگەی ڤیزاكارتەوە كۆتایی هاتوەو تا كۆتایی ئەم مانگەش پارەی سەرجەم كارمەندەكان خەرجدەكرێت، هاوكات ئەوانەشی كە ڤیزا كارتییان نییە لەڕێگەی بانكەكانەوە پارەكانیان بۆ خەرجدەكرێت.
دەشڵێت، بەگوێرەی ئەو گرێبەستەی كە لەنێوان كۆمسیۆن و ئەو كارمەندانە هەبوە، بڕی پاداشتی كارمەندانی ڕۆژی هەڵبژاردن بەجۆرێكە كە سەرپەرشتیارانی بنكەی دەنگدان كە فەرمانبەری حكومەت نین 400 هەزار دینارو بەڕێوەبەری وێستگە 300 هەزار دینارو كارمەندی سەر سندوقەكانیش 200 هەزار دینار وەردەگرن، بەڵام سەرپەرشتیاری بنكەی دەنگدان كە فەرمانبەری حكومەت بون 300 هەزار دینارو بەڕێوەبەری وێستگە 200 هەزار دینارو كارمەندی سەر سندوقەكانیش 150 هەزار دینار وەردەگرن.
