کوردبوون و موعجیزەی مانەوەی کورد..
2 كاتژمێر لەمەوپێش
فەرەیدوون سامان
کورد لە مێژوودا حاڵەتێکی سەرنجڕاکێشە، سەرەڕای ئەوەی لە نێوان سەدەی ٨ و ١٠ی زایینیدا بوونە موسڵمان، جا بە باوەڕەوە بێت یان بەزۆر، بەڵام وازی لە زمان و یادەوەری بەکۆمەڵ و شوناسی کەلتووری خۆی نەهێنا، هەر چەند زمانی کوردی بێ دەوڵەت مایەوە و زۆرجاریش قەدەغە کراوە و لە سەربەکارهێنانی ئاخێوەرانی سزای قوڕس دراون، نەریتە نەتەوەییەکانی وەکوو نەورۆز، چارشەنبەسۆر، سێزدەبەدەر، میهرەگان و فێستیڤاڵی بەهاری کۆن کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمەکانی میترایی و زەردەشتی، لە ناوەندی ناسنامەی کورددا مایەوە، کورد بە پێچەوانەی زۆرێک لە گەلانی دیکە، بە تەواوی خۆی لە ناو شوناسی عەرەبدا ئاسمیلە نەکرد، بە غەیرە عەرەب و نائاسمیلە و جیاواز لە ڕووی سیاسییەوە مانەوە، تەنانەت لە کاتێکدا کە ئایینیان لەگەڵ دراوسێکانیان هاوبەش دەکرد، تا ئەمڕۆش دەڵێن "ئێمەی کورد، نەعەرەبین و نەتورک و نەئێرانی"
ئەو گۆڕانکارییانەی کە ئەم ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە بەسەریدا هاتووە، نەک تەنها لە سنوورە مۆدێرنەکانی و شەڕەکانی ئەم دواییەیدا، بەڵکو لە ناوچە بەراییەکانی مێژووی مرۆڤایەتیدا، کە لانکەی شارستانییەتە کۆنەکان بوون وەک شارستانیەتی سۆمەرییەکان لە میزۆپۆتامیا، فینیکییەکان لە شام، فیرعەونەکانی میسری کۆن، ئەمازیغەکانی باکووری ئەفریقا، شارستانییەتە کۆنەکانی گەلی کورد و فارس لە ئێرانی دێریندا؟
هەموو ئەم گەلە ڕەسەنانە زۆر پێش سەرهەڵدانی هۆزە عەرەبەکان و هاتنی ئیسلام لە سەدەی حەفتەمی زایینیدا بناخەکانی نووسین و زانست و یاسا و مۆسیقا و کەلتووریان دانا، ئیسلام هەر تەنیا وەک ئایینێک بڵاو نەبووەوە؛ بەڵکو فراوانبوونی هزری عەرەبی- ئیسلامی، وەک دەسەڵاتێکی میلیتاری، سیاسی، کەلتووری، زمانەوانی و ناسنامە، زاڵ بوو بەسەر زمان و کەلتووری ئەو نەتەوانە، کەلتوورە جۆراوجۆرەکان، شارستانیەت و ئایینەکاندا، کە زۆربەیان کاڵبوونەوە یان بەتەواوی لەناوچوون، ئاسمیلەکردن هەمیشە هەڵبژاردەیەکی ئازاد نەبووە؛ هەندێک جار وازهێنان لە ناسنامە لەگەڵدا بووە. بەڵام کورد لەچاو ئەو گەلانە لەم ڕووەوه تا ئەمڕۆ به جیاوازی ماوەتەوه، لەوەی که ڕەنگه پێی بڵێین موعجیزەی مانەوەی کورد.
ناسنامەیەکی بەزۆر سەپێنراو
دوای جەنگی یەکەمی جیهانی، لەلایەن هاوپەیمانانەوە بەڵێنی دەوڵەتێک بە کوردی درا و دواتر وازیان لێهێناو کوردیان بۆ چارەنووسی نادیاری خۆی بە جێیان هێشت و نیشتمانەکەیان بەسەر چوار وڵاتدا دابەشکرد، لە ئەنجامی ڕێککەوتنی سایکس پیکۆ لە ساڵی ١٩١٦ دواتر پەیمانی لۆزان، کورد لەو وڵاتانەدا مافەکانی لێ زەوت کرا و ناسنامەی کوردبوون بوو بە ئامانجی سەرکوتکردن و جینۆساید. لە تورکیای ئەتاتورکدا وەک نەتەوە ئینکاری کران و گۆشەگیری کران، تەنانەت بە دەستووری ئەو وڵاتە لەسەر ئاخاوتن بە زمانی کوردی سزا دران.لە عێراقدا هێرشی دڕندانەیان بۆ کرا و ئەنفالکران، لە سوریادا ناسنامەیان لێ زەوتکراو بەزۆر بەعەرەبکران و لە ئێرانیشدا چەوسێنرایەوە.
ئەمڕۆ مێژوو خۆی دووباره دەکاتەوه و کورد بۆ جارێکی دیکه باجی شەڕی برایەتی گەلان و بەرژەوەندی دەوڵەتان دەدات، ئەمریکای دۆستی کورد دیسان وازی لێ هێنان و ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا دوای شەڕەکەیان دژی داعش لە ڕێگەی هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە پارێزگاری ئەمریکای لێ کێشایەوە، شەڕێک کە ئەمریکا هەر خۆی داوای لێکردبوون.
ڕێککەوتنێک لە نێوان ترامپ، ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا و دەسەڵاتی کاتی سوریا بە سەرۆکایەتی ئەحمەد ئەلشەرع(پێشتر ئەلجولانی) هەبێت، کە گروپەکەیان وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەستنیشان کرابوو، کاتێک هێزەکانی سوریای دیموکرات شەڕی لەگەڵدا دەکردن، ئەم ڕێککەوتنە بەشێوەیەکی کاریگەر کوردی بۆ چارەنووسی خۆی جێدەهێشت و وای کرد ڕووبەڕووی هێرشی سوپای ئێستای سوریا و گرووپە تیرۆریستییەکانی ئەلعەمشات و ئەلحەمزات و چەکدارانی عەشیرەتی عەرەب ببنەوە، کە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێن.
ئەم جەنگە نابەرامبەرە نەک هەر هەڕەشە لە پاکتاوی نەژادی نەتەوەیی کورد لە ڕۆژاوای کوردستان دەکات، بەڵکو هەڕەشەکە قووڵترە، هەرەشەیە لەسەر هەموو پارچەکانی کوردستان بەتایبەتیش ئەزموونی حکومڕانی هەرێمی کوردستان، فشارێکە لەوەی تەنها هەوڵدان بێت بۆ ناچارکردنی سازشکردن بە ناوی یەکگرتن لەگەڵ حکومەتی کاتی ئێستای سوریا، بەهۆی مامەڵەی دڕندانەی زیندانیانی کورد، لەوانەش لە کوشتنی بەکۆمەڵ و هەتککردنی ژنان، بڕینی ئەندامی جەستەی قوربانییەکان، بڕینی کەزی ژنە چەکدارەکانی هەسەدە لە دوای مردنیان و وێرانکردنی مۆنۆمێنتێکی ڕەمزی بۆ ژنە چەکدارێکی کورد- شایەتحاڵی ڕق و کینەیانە لە ژنانی کورد و ئازایەتیان لە شکستپێهێنانی داعش، ئەم کینەیە بەرامبەر بە کورد لەگەڵ سەرکوت و توندوتیژی و دڕندەیی، ناچارمان دەکات پرسیارێکی بنەڕەتی بکەین: بۆچی ئەم هەموو ڕق و کینەیە بەرامبەر بە کورد؟
بە بڕوای من مەسەلەکە هەر تەنیا پرسێکی سیاسی نییە، بەڵکو فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییە، ئامادەیییەک بۆ ڕەتکردنەوەی توندوتیژانە نەک تەنیا پرۆژەی سیاسی کوردی، بەڵکو کەلتوور و زمان و شوناس و جەژنەکانیشیان دەردەخات. لێرەدا دەبێ بگەڕێینەوە سەر ئەو خاڵە دەستپێکی مێژووییەی: ئایا کورد وەک ئەوانی دیکە ملکەچی کولتوری عەرەبی بوو؟
وەڵامەکە نەخێر، نەک تەنها لە پاراستنی زمان و نەریتەکانیاندا، بەڵکو لە کەلتوورە جیاوازەکەیاندا، بەتایبەتی سەبارەت بە پێگەی ژنی کورد- و ئەمە جەوهەری بابەتەکەیە.
کۆمەڵگەی کوردستان بەتایبەت مامەڵەی لەگەڵ ژناندا وەک ئامانجی گروپە ئیسلامییە توندڕەوەکان دەمێنێتەوە، چونکە ژنانی کورد کە شەڕی داعش دەکەن و سەرکردایەتی پێکهاتەکانیان دەکەن و ملکەچبوون و کۆیلەیی ڕەتدەکەنەوە، نوێنەرایەتی هەموو ئەو شتانە دەکەن کە توندڕەوەکان سووکایەتیان پێدەکەن، کاتێک داعش سەریهەڵدا، و جیهان لەرزی، بەڵام ژنانی کورد چەکیان هەڵگرت و بەرگریان لە مرۆڤایەتی خۆیان کرد، لە کۆبانی لە ساڵی ٢٠١٤ بەناو دەوڵەتی ئیسلامی(داعش)یان ڕاگرت و بەشێکی زۆریان گیانیان لەدەستدا، نەک تەنها لە پێناو خاکەکەیان، بەڵکو بۆ ئازادی و دیدێکی جیاواز بۆ ژیان شەهید بوون، بۆیە ئەوەی بە ڕاستی دوژمنانیان توڕە دەکات، ئەوەی ئەم ڕق و کینە قووڵ و ناعەقڵانییە دروست دەکات، تەنها ناسنامەی کوردبوون نییە، بەڵکو ئازادی کوردە، بەتایبەتی ئازادی ژنانی کورد.
لە ناوچەیەکدا لە کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتییەکان کە زۆرجار ژنان پەراوێزخراون، کەچی ژنانی کورد بەرز ڕاوەستان و بوون بە سەرکردە و بڕیاردەر و هێمای کەرامەت، ئەزموونی ئەوان هەرچەندە تەواو و کەموکوڕی نییە، بەڵام وێڕای بەرەنگاربوونەوەی داعش، ژینگەیەکی عەلمانی و فرەئایینی و مۆدێلێکی کۆمەڵایەتیی شایستەی تەقلیدکردنیان بەدەستهێنا، ئێستا خەڵکی کوردستان ڕووبەڕووی شتێکی هاوشێوەی جینۆساید و ڕق و هەوڵدان بۆ سڕینەوەی ناسنامەیەک بوونەتەوە کە لە ڕابردوویەکی نزیکدا بۆ چەندان ساڵ ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە بەرەنگاربوونەوەی داعش.و هزری داعشی نوێ کە خۆی لە هێزەکانی سوپای سووریا بەرجەستە دەکات.
