گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بە کوێ دەگات؟

2 كاتژمێر لەمەوپێش



کەنداوی فارس و دورگەی خەرگ جارێکی دیکە لە لێواری مەترسی داگیرکاریدان!

بۆچی بەشێک لە چاودێران ئەگەری دەستپێشخەری لە لایەن ئێرانەوە بە ئەگەرێکی کراوە دەبینن؟

ئامادەکردنی: هاوڵاتی

بە چڕبوونەوەی ئامادەیی سەربازیی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەوانەش جێگیرکردنی کەشتیی فڕۆکە هەڵگری "ئەبراهام لینکۆڵن" و کەرەستەی پێشکەوتووی جەنگی لە ئاوەکانی نزیک ئێران، کەنداوی فارس جارێکی دیکە بووەتە یەکێک لە ناوەندە هەستیارەکانی دروستبوونی گرژیی لە نێوان تاران و واشنتۆندا. هاوکات لەگەڵ ڕاگەیاندنی مانۆڕی سەربازیی چەند ڕۆژەی هێزی ئاسمانی ئەمریکا و دەرکردنی هۆشداریی فڕۆکەوانی لە لایەن ئێرانەوە، سوپای پاسداران بەهەمان شێوە بەڕێوەچوونی مانۆڕی دەریایی لە گەرووی هورمز ڕاگەیاندووە؛ چونکە وای دەبینن ئەمریکا سەرنجی لەسەر ئەو ڕێڕەوە ئاوییە ستراتیژییە چڕکردووەتەوە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەشێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئێران لەوانە؛ ڕۆژنامەکانی خوراسان و قودس و جەڤان و کەیهان و فەرهیختەگان، جێگیرکردنی نوێی هێزەکانی ئەمریکایان بە نیشانەی هەنگاونانێکی وردە وردە و هێواش بەرەو "گەمارۆدانی دەریایی ئێران" هەڵسەنگاندووە. بەگوێرەی ئەم دەزگا میدیاییانە، ئامانجی ستراتیژی لەو جۆرە گەمارۆدانە؛ دروستکردنی زۆرترین فشاری ئابوورییە، بەتایبەتی لە ڕێگەی سنووردارکردنی هەناردەکردنی نەوتی ئێرانەوە، بەبێ ئەوەی ڕاگەیاندنی جەنگێکی دەستبەجێ و تەواوەتی بێت. لەم چوارچێوەیەشدا، دوورگەی خەرگ وەک گرنگترین تێرمیناڵی هەناردەکردنی نەوتی ئێران، جارێکی دیکە وەک دەرچەیەکی ستراتیژی لەبەرچاو گیراوە.

محەممەد مەنان ڕەئیسی، نوێنەری شاری قوم لە پەرلەمانی ئێران، بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتێکی دامەزراوەی بەرگری لە دیموکراسی (FDD) ڕایگەیاندووە، خەرگ یەکێکە لە بژاردە یەکەمین و ئەگەرییەکان لە سیناریۆ سەربازییەکانی ئەمریکادا. ئەمەش پیلانێکی لە مێژینەتر دەهێنێتەوە یاد کە بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٧٩ دوای داگیرکردنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تاران لە لایەن ئەمریکاوە پێشنیار کرا. بەپێی گێڕانەوەکان پیلانەکە لەسەر لێدانی هێڵی ژیانی و سەرەکیی ئابووریی ئێران بوو، کە لەلایەن دەریاوان جەیمس لیۆنەوە پێشنیارکرابوو، بەڵام بەهۆی نیگەرانییەکانی ئەوکاتەی ئەمریکا لەبارەی دەرئەنجامە کۆنترۆڵنەکراوەکانی جێبەجێکردنی پیلانەکەوە، پەردەپۆشکرا، بەڵام گرژیەکانی ئێستا دەریدەخەن وەک ماکێکی ستراتیژی لە یادەوەری ئەمریکادا ماوەتەوە!

لە هەمان کاتدا بەشێک لە شرۆڤەکاران هۆشداری ئەوە دەدەن کە نیشاندانی هێزی سەربازیی ئەمریکا لە کەنداوی فارس، مەرج نییە بەو مانایە بێت کە گرژییەکە لەم جوگرافیایەدا سنووردار دەمێنێتەوە، بەڵکو ئەگەری سەرکێشانی بۆ ڕووبەرێکی فراوانتریش هەیە وەک تێوەگلانی عێراق. لە لایەکی دیکەشەوە هیچ گەرەنتییەک نییە کە ئێران خۆی لە گرتنەبەری هەنگاوی پێشوەختە بپارێزێت. چونکە لە وتاری هەینی هەفتەی ڕابردوودا، ژمارەیەک لە ئیمام و دەزگاکانی ڕاگەیاندنی لایەنگری حکومەت کەشتییە ئەمریکییەکانیان بە "تابوتی ملیاران دۆلار" ی وەسفکرد!  ئەمەش گوزارشتێکە بە ڕای چاودێران ئاماژەیە بۆ ئامادەیی وەڵامدانەوەی توند و پێشوەختەی ئێران ئەگەر فشارەکان زیاتر چڕ ببنەوە لەسەری.

لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتییەوە، سەعید مەحمودی، مامۆستای یاسای نێودەوڵەتی و یاسای جەنگە دەریاییەکان لە زانکۆی ستۆکهۆڵم، جەخت لەوە دەکاتەوە کە گەمارۆی دەریایی تەنها لە ئەگەری ڕوودانی شەڕێکی فەرمی لە نێوان دوو وڵاتدا ڕەوایە، هەرچەندە لە ڕووی کردارییەوە ڕەچاوکردنی لایەنی دیبلۆماسی و پاراستنی هاوسەنگی هێز دەتوانێت وەڵامدانەوەی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان سنووردار بکات و نەبنە ڕێگر لەبەردەم لایەنی هێرشبەردا.

هەر بۆیە زۆرینەی چاودێران پێیانوایە؛ بە سەرنجدان لە پێگەی ستراتیژی ئێران لە گەرووی هورمز و بوونی هێزی سەربازی و ئەزموونەکانی ڕابردووی لە ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ لەشکرکێشی هێزی دەریایی ئەمریکادا؛ هاوشێوەی جەنگی مەنتیس لە نیسانی١٩٨٨دا، ئاسۆی ئەم گرژییەی ئێستا تەمومژاوییە و یەکلابوونەوەی زیاتر  پەیوەستە بە چۆنیەتی هەڵسوکەوت و وەڵامدانەوەی هەردوولاوە بەرامبەر یەکتری، بۆیە ڕەوشەکە لە ئێستا هەروا بە نادڵنیایی و پڕ لە مەترسیی جددی دەمێنێتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار