ئیسرائیل لەسەر کورد و دروزەکان دوو داواکاری لەسوریا هەیە
2 كاتژمێر لەمەوپێش
ئامادەکردنی: هاوڵاتی
بە پێی ڕاپۆرتێکی کەناڵی ئەلعەرەبییە، دوای ڕووداوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو لاپەڕەیەکی نوێ لەسەر گۆڕەپانی سوریا دەنووسرێتەوە، ئەمەش ئیسرائیلی زۆر توڕە کردووە.
بە پێی ئەو سەرچاوانەی لە ڕاپۆرتەکەدا "بەبێ ناوهێنان" ئاماژەیان پێکراوە؛ تەلئەبیب واشنتۆنی ئاگادار کردووەتەوە کە ئاواتەخوازە سوریا ببێتە دەوڵەتێکی فیدراڵی، ئەمەش پێچەوانەی ڕێڕەوی ڕووداوەکانی ئێستایە. بەم پێیەش توڕەیی ئیسرائیل تەنیا لە پرسی کورددا سنووردار نییە؛ بەڵکو گەیشتووەتە ناوەندە کاریگەرەکانی ناو ئیدارەی ترەمپ.
بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، حکومەتەکەی نەتانیاهۆ، تۆم باراکی باڵیۆزی ئەمریکا و نێردەی ترەمپ بۆ سوریا بە لایەنگری تەواوەتی لە هەڵوێستی تورکیا دەزانێت، کە بە دوای دەوڵەتێکی ناوەندگەراییدا دەگەڕێت لە سوریادا.
بە ڕای چاودێرانیش ئیسرائیلییەکان جارێکی دیکە هاوتا ئەمریکییەکانیان ئاگادارکردووەتەوە کە بوونی سەربازی تورکیا لەسەر خاکی سوریا قبوڵ ناکەن و دەستبەرداری پاراستنی دروزەکان نابن بەتایبەت ئەوانەی لە باشووری سوریادان، ئەمەش لە کاتێکدایە زۆرینەی دروزەکان لە ڕۆژانی کۆتایی مانگی ڕابردوو و سەرەتای ئەم مانگەدا، خۆپیشاندانێکی جەماوەرییان سازکرد و تێیدا ئاڵای کوردستان و ئیسرائیل و وێنەی نەتانیاهۆیان بەرز کردبووە و داوای سەربەخۆییان دەکرد.
لە هەوڵێکدا بۆ سەرلەنوێ پێداچوونەوە و سەیرکردنەوەی هەموو ئەو داواکاریانە، بڕیارە لە ماوەی دوو هەفتەدا لیژنەی هاوبەشی میکانیزمی سوریا و ئیسرائیل کۆببێتەوە. پێش ئەوەش ئیسرائیل واشنتۆنی ئاگادارکردەوە کشانەوە بۆ هێڵی جیابوونەوە لە بەرزاییەکانی جۆلان ڕەت دەکاتەوە؛ تا ئەو کاتەی متمانەی لەگەڵ دیمەشقدا بۆ دروست دەبێت.
بەگوێرەی سەرچاوەکانی هەواڵیش، پێداگری ئەمریکا لە جاران زیاترە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە سوریا و بەتایبەتیش بۆ ڕێگریکردن لە داعش و سەرلەنوێ خۆ ڕێکخستەوەیان.
ئەمەش لە کاتێکدایە زۆرینەی چاودێران پێیانوایە ئەمریکا پشتی لە هاوپەیمانەکانی خۆی کردووە و لە پێناوی بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسییەکانی خۆیدا پشتگیریی لە دیمەشق و گروپە چەکدارەکان دەکات، بەبێ ئەوەی لێکەوتەکانی ئەو پشتیوانیکردنە ڕەچاو بکات لەسەر بارودۆخی سوریا و چارەنووسی پێکهاتەکانی، کە لەوپەڕی نائارامی و پشێویدا دەژین.
