کۆبونەوەکەى گۆنگرێسى ئەمریکا چى بۆ کورد تێدابوو؟
2 كاتژمێر لەمەوپێش
رۆژی سێشەممە، 10-2-2026، لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە بەرپرسی پێشوو و شارەزای دۆخی سووریا و ناوچەکە دانیشتنێکی لەنێو کۆنگرێسی ئەمریکادا رێکخست.
کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە هەڵسەنگاندنی بارودۆخی سووریا لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی نوێ بە سەرۆکایەتی ئەحمەد ئەلشەرع/جۆلانی، چەندین پەیامی هۆشیارکەرەوەی توند و زانیاری گرنگی تێدا بوو کە ڕاستەوخۆ ئاڕاستەی دیمەشق کران.
لێرەدا بەکورتى و بە پوختى گرنگترین ئەو خاڵانە دەخەینەڕوو کە لە ناوەڕۆکی ڕێنماییەکانی کۆبونەوەکەی دوێنێى کۆنگرێسی ئەمریکا خرایە ڕوو:
🔴 پرسی کەمینەکان
کۆنگرێسمانەکان جەختیان لەوە کردەوە کە شێوازی مامەڵەکردنی حکومەتی جۆلانی لەگەڵ کورد، دروز و عەلەوییەکان، تاقیکردنەوەی ڕاستەقینەی ئەو حکومەتەیە بۆ بەدەستهێنانی هەر جۆرە شەرعییەتێکی نێودەوڵەتی.
پەیامەکە ڕوون بوو: ئەگەر سووریا ببێتە دەوڵەتێکی تائیفی کە تەنها سوننە تێیدا باڵادەست بێت و کەمینەکان بچەوسێنێتەوە، ئەمریکا وەک ڕژێمێکی تیرۆریستی مامەڵەی لەگەڵ دەکات.
واتە پۆلێنکردنەوەی دەسەڵاتی ئێستای سوریا لە لیستی ئەو دەسەڵاتانەی دڵەڕاوکێی تایبەت بۆ ئەمریکا دروست دەکەن، هەتا ئەو کاتەی گۆڕانکاری کرداری لەهەڵس و کەوتەکانیدا ڕودەدات
🔴 هۆشداری توند سەبارەت بە گۆڕینی دیمۆگرافی.
لە کۆبوونەوەکەدا هۆشداری درا بە حکومەتی نوێ کە هەر هەوڵێک بۆ دەرکردنی عەلەوییەکان لە ناوچە کەناراوەکان، یان هێرشکردنە سەر دروزەکان لە سوەیدا و کوردەکان لە باکوور، دەبێتە هۆی چالاککردنی خێرای یاسای پاراستنی کەمینەکان. کۆنگرێس ڕایگەیاند کە ڕێگە نادەن سووریا ببێتە مەیدانی پاکتاوی ڕەگەزی.
🔴 سەبارەت بە پرسی کورد و هێزەکانی سووریای دیموکرات (SDF)
کۆنگرێس هۆشداری سەربازی دا بە جۆلانی کە هەر هێرشێکی سەربازی بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کورد، بە هێرش بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دادەنرێت.
گرتنەبەری میکانیزمی ڕون و تایبەت لە ژێر چاودێری کۆنگرێس بۆ چاودێریکردنی ڕێککەوتنەکەی نێوان هەسەدە و دەسەڵاتی کاتی سوریا.
🔴 سەبارەت بە زیندانیانی داعش
ئەمریکا حکومەتی دیمەشق بە بەرپرسیار دەزانێت لە هەر ناسەقامگیرییەک کە ببێتە هۆی ڕاکردنی چەکدارانی داعش لەو زیندانیانەی لە ناوچە کوردییەکانن.
🔴 سزاکان و یاسای قەیسەر
کۆنگرێس زانیاری ئەوەی درکاند کە هیچ پلانێک نییە بۆ لابردنی سزاکانی یاسای قەیسەر (Caesar Act).
بەپێچەوانەوە، ئەگەر پێشێلکاری بەرامبەر دروز و عەلەوییەکان و کوردەکان بەردەوام بێت، سزا نوێیەکان کەرتە ئابوورییە گرنگەکانی حکومەتی نوێ ئیفلیج دەکەن.
پەیامەکە ئەوە بوو پێدانی گەنم و نەوت بە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی جۆلانی بەستراوەتەوە بە پاراستنی مافی کەمینەکان.
هەموارکرنەوەی دەستوری کاتی بە جۆرێک زەمانەتی هاوڵاتی بونی یەکسان و دادپەروەرانە مسۆگەر بکات.
وەدەرنان و دەرکردنی سەرجەم چەکدارە بێگانەکان لە ڕیزەکانی هێزە چەکدارەکانی سوریا.
🔴 سەبارەت بە گەڕانەوەی ئاوارەکان
هۆشیاری درا کە نابێت گەڕانەوەی ئاوارەکان بە زۆرەملێ بێت یان بۆ مەبەستی تێکدانی هاوسەنگیی ناوچە کوردی و نیشتەجێبوونی کەمینەکان بەکاربهێنرێت. کۆنگرێس داوای کرد کە دەبێت نوێنەری کورد و دروز و عەلەوییەکان لە نووسینەوەی دەستووری نوێی سووریادا دەسەڵاتی ڤیتۆیان هەبێت.
داوا لە دەسەڵاتی کاتی دمیشق بکرێت ئابڵوقەی سەر کۆبانێ و سوەیدا هەڵبگرێ.
🔴 پەیام بۆ دروز و عەلەوییەکان
کۆنگرێس ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان چاودێری وردی دۆخی سوەیدا و گوندەکانی عەلەوییەکان دەکەن. ڕایانگەیاند کە ئەگەر حکومەتی ناوەندی نەتوانێت ئاسایشیان بپارێزێت، ئەوا ئەمریکا پشتگیری لە خۆبەڕێوەبەریی ناوچەیی بۆ ئەو پێکهاتانە دەکات وەک تاکە ڕێگە بۆ پاراستنیان لە تۆڵەسەندنەوە.
🔴 کورتەی کۆبوونەوەکە
کۆنگرێسی ئەمریکا بە حکومەتەکەی جۆلانی دەڵێت ئێمە بە قسە بڕوات پێ ناکەین کە دەڵێیت گۆڕاویت ئێمە سەیری چۆنیەتی مامەڵەت لەگەڵ کورد و دروز و عەلەوییەکان دەکەین. ئەگەر ئەوان پارێزراو نەبن، حکومەتەکەت تەمەنی کورت دەبێت و سزای توند چاوەڕێتان دەکات.
هەر هەنگاوێکی دەسەڵاتی کاتی سوریا لە ژێر چاودێری و فشاری بەردەوامدا دەبێ بۆ ڕێگریکردن لە خلیسکان و لادان.
