ناوەڕۆکى کۆنگرەى ڕۆژنامەوانى سەرۆکی هەرێم و وەزیری دەرەوەی فەرەنسا
2 كاتژمێر لەمەوپێش
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لەبارەی دۆخی سووریاوە "تێڕوانینی هاوبەشمان لەگەڵ فەرەنسا هەیە" و جەخت لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەی هەسەدە و دیمەشق دەکاتەوە.
ئەمشەوی پێنجشەممە، نێچیرڤانی بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەولێر لەگەڵ ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییان کرد.
نێچیرڤانی بارزانی هەروەها گوتی، "رۆڵی گرنگی سەرۆک ماکرۆن بۆ ئاگربەست لە سووریا و دەستپێکردنەوەی گفتوگۆی نێوان دیمەشق و هەسەدە و پشتگیرییان لە مافەکانی کورد و پێکهاتەکان بەرز دەنرخێنین".
لەبارەی رێککەوتنەکەی هەسەدە و دیمەشقەوە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا جەختمان لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان هەسەدە و دیمەشق بە چاودێریی نێودەوڵەتی کردوە".
لای خۆیەوە، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا سوپاسی هەوڵەکانی نێچیرڤان بارزانی کرد بۆ گەیشتنی کورد و دیمەشق بە رێککەوتن و گوتی، "ئێمە دەمانەوە وەکو چۆن لە عێراق مافی کورد پارێزراوە، لە سووریاش پارێزراو بێت".
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، "هێزەکانی فەرەنسا و پێشمەرگە پێکەوە دژی تیرۆر جنگان و بەردەوام دەبین".
كۆنگرەی رۆژنامەوانی هاوبەشی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و جان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە هەولێر:
نێچیرڤان بارزانی:
*باسمان لە پەیوەندییەكانی عێراق و هەرێم و فەرەنساو قوڵكردنەوەو بەهێزكردنی هاوبەشییەكانمان كرد.
*سوپاسی فەرەنسامان كرد بۆ پشتیوانی لە گەلی عێراق بە گشتی و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی.
*سوپاسی سەرۆك ماكرۆنمان كرد بۆ پشتیوانكردنی بەردەوامی لەگەلی كورد لە هەرێمی كوردستان و پشتیوانیكردنی لە رۆژئاوای كوردستان.
*تێڕاوانینی هاوبەشمان هەیە لەگەڵ فەرەنسا لەبارەی رۆژئاواو جەختمان لە جێبەجێكردنی رێككەوتنەكەی نێوان هەسەدەو دیمشەق كردەوە.
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا:
*پەیوەندییەكی درێژخایەنمان هەیە لەگەڵ كوردستان .
*هێزی پێشمەرگەو هێزەكانی فەرەنسا شانبەشانی یەك دژی تیرۆر شەڕیان كردووە.
*لەكاتە سەختەكاندا هەمیشە لەگەڵ هەرێم هاوبەشبوین.
*سوپاسی هەرێم دەكەین بۆ ئەو رۆڵەی هەیانبوو لە ئاگربەست و رێككەوتن لە سوریا.
*فەرەنسا ماندونەناسانە هەوڵیدا بۆ گەیشتن بە ئاگربەست و رێككەوتن لە سوریا.
*لەهەوڵی بەردەوام دەبین بۆ پاراستنی مافی گەلی كوردو پێكهاتەكانی تری سوریا، پشتیوانی لە جێبەجێكردنی ئەم رێككەوتنەكە دەكەین.
*كورد لە سوریا بەشدارییەكی كارای پرۆسەی سیاسی بكەن هاوشێوەی كوردانی عێراق.
*فەرەنسا بەردەوام دەبێت لە پاراستنی كوردو ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی كوردستان.
*ئەم هاوپەیمانییەمان بەردەوام دەبێت و بە گوێرەی پەرەسەندنی هەڕەشەكان گۆڕانكاری بەسەردا دێت.
*لە بەرژەوەندی هەموو لایەكە هێزە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان گفتوگۆیەكی هەمەلایەن ئەنجامبدەن بۆ تێپەڕاندنی ئاڵنگارییە ناوخۆییەكان.
