ماڵپەرى ئاکسیۆس: کۆبونەوەکەى ئێران و ئەمریکا هەڵوەشایەوە
2 كاتژمێر لەمەوپێش
سەرچاوه ئەمریکییەکان ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممه بە ئاکسیۆس و کەناڵی 12ی ئیسرائیلیان ڕاگەیاند، ئەمریکا ئێرانی ئاگادارکردووەتەوه که ڕازی نابێت به داواکارییەکانی تاران بۆ گۆڕینی شوێن و فۆرمی دانوستانه ئەتۆمییەکان که بڕیاره هەینی بەڕێوه بچێت، ئەم هەنگاوەش لە لەلایەن دوو بەرپرسی ئەمریکاوه بە ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی کۆبوونەوەکە لە لایەن ئەمریکاوە وەسفیان کردووه .
ئەو دوو بەرپرسە باڵایەی ئەمریکا ڕایانگەیاندووە کە دانوستانەکانی نێوان هەردوولا وەستاوە، دوای ئەوەی ئێران لە لێکتێگەیشتنەکانی پێشووی سەبارەت بە شوێن و ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە پاشگەزبووەوە. ئەوان ئاماژەیان بەوە کرد کە واشنتۆن ڕازی نەبووە دانوستانەکان بگوازێتەوە بۆ عومان یان دەستکاری ئەو شێوازە بنەڕەتییەی بکرێت کە لەسەری ڕێککەوتوون.
یەکێک لە بەرپرسەکان دەڵێت "پێمان گوتن: یان ئەمەیە یان هیچ'، ئەوانیش گوتیان باشە، کەواتە هیچ'"، ئەمەش ئاماژەیە بۆ تێکچوونی لێکتێگەیشتن لە نێوان هەردوولادا.
تا ئێستا بی بی سی نەیتوانیوە ئەم زانیاریانە لە کاتی بڵاوبوونەوەیدا پشتڕاست بکاتەوە.
بەگوێرەی کەناڵی 12ی ئیسرائیل، بڕیارە سبەی پێنجشەممە ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری کۆشکی سپی لەگەڵ گارێد کوشنەر زاوا و ڕاوێژکاری سەرۆک ترامپ سەردانی قەتەر بکەن و لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی قەتەر سەبارەت بە پرسی ئێران وتووێژ بکەن. دواتر بڕیارە شاندەکە بگەڕێنەوە بۆ میامی بەبێ ئەوەی بەردەوام بن لە گەشتەکەیان بۆ عومان.
ئەو بەرپرسانە ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەگەر ئێران بە شێوازی دانوستانەکاندا بچێتەوە، ئەگەری هەیە ئەمریکا لە کۆتایی ئەم هەفتەیە یان هەفتەی داهاتوودا ئامادە بێت ئەو کۆبوونەوەیە ئەنجام بدات.
میدیاکانی ئێران ڕۆژی چوارشەممە ڕایانگەیاند کە دانوستانە پێشبینیکراوەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی و ئەمریکا ڕۆژی هەینی لە عومان بەڕێوە دەچێت.
ئاژانسی هەواڵی تەسنیم ڕایگەیاندووە کە "بڕیارە ڕۆژی هەینی دانوستانی ناڕاستەوخۆی نێوان ئێران و ئەمریکا لە مەسقەت بەڕێوەبچێت"، ئاماژەی بەوەشکرد کە "تەنها بە پرسی ئەتۆمی و لابردنی سزاکانی سەر ئێرانەوە سنووردار دەبن"، ئاژانسی هەواڵی خوێندکارانی ئێران (ئیسنا)یش پشتڕاستی کردەوە.
