ئێران: بۆ هەموو جۆرە سیناریۆیەک ئامادەین

2 كاتژمێر لەمەوپێش



دیپلۆماتکارێکی ئێرانی رایدەگەیەنێت، سازش لەسەر توانا مووشەکییەکانیان ناکەن؛  هۆشداری دەداتە ئەمەریکا کە وڵاتەکەی بۆ هەر سیناریۆیەک ئامادەیە و چاوەڕێی جددییەتی واشنتن دەکەن.

سێشەممە 3ـی شوباتی 2026، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری دیپلۆماتکارێکی ئێرانی بڵاو کردووەتەوە، بە هیچ شێوەیەک دانوستان لەسەر توانا مووشەکییەکانیان ناکەن.

گوتیشی: تاران نە بە گەشبینی و نە بە رەشبینییەوە سەیری گفتوگۆکان ناکات، ئاماژەی بەوەش کرد کە توانا بەرگرییەکانی کۆماری ئیسلامی جێگەی دانوستان نین و بۆ هەر سیناریۆیەک ئامادەن.

سەرچاوەکە گوتیشی: دەبێت ببینین ئایا ویلایەتە یەکگرتووەکانیش بەنیازە دانوستانی جددی و ئامانجدار ئەنجام بدات یان نا.

هاوکات سەرچاوە ئێرانییەکان باسیان لەوە کردووە، ترەمپ هەوڵ دەدات بەرنامەی مووشەکە بالیستییەکانی ئێران سنووردار بکات، کە بە گوتەی بەرپرسانی ئێران، پایەیەکی سەرەکییە بۆ بەرگریی وڵات.

دوێنی دووشەممە 2ـی شوباتی 2026، ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی ئێران بڵاوی کردبووە، ئێران هەوڵ دەدات لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی کە 12 رۆژ جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێرانی لێکەوتەوە و ژمارەیەک لە فەرماندە باڵاکان و شارەزایانی ئەتۆمی کوژران و بنکە ئەتۆمییەکانیش بە ئامانج گیران، نەرمی بنوێنێت.

ئەو بەرپرسە باڵایەی ئێران بە رۆیتەرزی راگەیاندووە، ئامادەن 400 کیلۆگرام یۆرانیۆم رادەستی پشکێنەرانی نێودەوڵەتی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی بکەن.

هاوکات ئاماژەشی دابوو، بڕیارە رۆژی هەینی داهاتوو، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، بۆ گەڕێکی دیکەی گفتوگۆکان لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی ئێران لە تورکیا کۆببنەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار