نەتەوە یەکگرتووەکان بارەگای سەرەکی لە ئەمریکا دادەخات

3 كاتژمێر لەمەوپێش



بەهۆی قەیرانی داراییەوە نەتەوە یەکگرتووەکان بەناچاری بارەگای سەرەکی خۆی لە نیویۆرک دادەخات و داوا لە وڵاتانی ئەندام دەکات، هەتا زووە قەرزە دارارییەکانیان بدەنەوە، پێش ئەوەی بە تەواوی تووشی داڕمانێکی سەختی ئابووری بن. 

نەتەوە یەکگرتووەکان، ناسراو بە 'UN' هاواری لێ هەڵساوە و بە وڵاتانی ئەندامی وتووە، "تووشی قەیرانی ئابووری بووین قەرزەکانتان بدەنەوە"، نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەش داوە، ئەگەر وڵاتانی ئەندام، بەتایبەت ئەمریکا، پابەندییە داراییەکانیان نەدەن، ڕەنگە تا مانگی حەوتی ئەمساڵ بودجەکەیان بە تەواوەتی ببڕێت و تووشی قەیرانی دارایی بن.

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی، ڕاپۆرتێکی لەبارەی کێشە داراییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاوکردووەتەوە و نووسیوویەتی:  "بەرپرسانی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان وتوویانە، ئەگەر بودجەیان بۆ دابین نەکرێت ناچار دەبن لە مانگی هەشتی ئەمساڵ بارەگای سەرەکیان لە نیویۆرک دابخەن."

 فەرهان حەق، جێگری وتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەڵێت: "ئەگەر نەتەوە یەکگرتووەکان بارەگای سەرەکی دابخرێت، ئەوا کارە مرۆییەکانیان لە جیهاندا پەکیان دەکەوێت و بەردەوام نابن."

هەبوونی بارەگەی سەرەکی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەتمەندی خۆی هەیە چونکە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانی لێ ئەنجام دەدرێت، تیایدا سەرۆکی وڵاتانی جیهان کۆدەبنەوە و وتاری جیاواز لەبارەی کێشە نێودەوڵەتییەکان، پرسە مرۆییەکان، ئاسایشی نێودەوڵەتی و چەندین پرسی جیاواز پێشکەش دەکەن، بەڵام لە ئەگەری داخرانی بارەگاکە، ئەوا ئەمساڵ هەردوو کۆبوونەوەکە هەڵدەوەشێتەوە.

ڕۆژنامە ئەمریکییەکە دەڵێت: "ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە نامەیەکدا بۆ باڵیۆزانی هەر 196وڵاتی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان، هۆشداری داوە کە دۆخی داراییان لە هەموو قۆناغەکانی پێشوو جیاوازتر و مەترسیدارترە."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار