ماکرۆن و مەزڵووم و شەرع پێشهاتەکانی سووریایان تاوتوێ کرد
2 كاتژمێر لەمەوپێش
هەر دوو سەرۆکی فەرەنسا و سووریا و فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، دواین پێشهاتەکانی سووریایان تاوتوێ کرد
یەکشەممە 1ی شوباتی 2026، سەرۆکایەتیی کۆماری فەرەنسا (کۆشکی ئەلیزێ) ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی وڵاتەکەی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا گفتوگۆی لەگەڵ هەریەک لە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا و کردووە و دواین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کردووە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی ئەلیزێ، ماکرۆن پێشوازی لە ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان حکومەتی سووریا و هەسەدە کردووە و بە هەنگاوێکی ئەرێنی وەسفی کردووە.
هاوکات سەرۆکی فەرەنسا جەختی لەسەر پێویستیی جێبەجێکردنی بەندەکانی ئەو ڕێککەوتنە کردووەتەوە بۆ مسۆگەرکردنی سەقامگیری.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 1ـی شوباتی 2026، بەگوێرەی زانیارییەکانی نێردراوی کوردستان24 لە قامشلۆ، بڕیارە سبەی دووشەممە، لە چوارچێوەی جێبەجێ کردنی رێککەوتننامەی گشتگیر، هێزی ئەمنیی حکوومەتی سووریا لە چوارگۆشەی ئەمنی قامشلۆ جێگری بکرێن.
لە قۆناغی یەکەمدا فیرقەیەکی سەربازیی نوێ کە لە 3 لیوای 16 هەزار کەسی بۆ هێزەکانی هەسەدە پێکدەهێنرێت و پرۆسەی تێکەڵ کردنەوەی هێزەکانی هەسەدە و حکوومەتی سووریا مانگێک دەخایەنێت.
دوای ئەوەی فڕۆکەخانەی قامشلۆ و دەروازە سنوورییەکان رادەستی حکوومەتی سووریا کران، لە قۆناغی دووەمدا کێڵگە نەوتییەکانیش رادەست دەکرێن.
هەینی 30ـی کانوونی دووەمی 2026، ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، دەقی رێککەوتننامە گشتگیرەکەی لەگەڵ حکوومەتی سووریا بڵاو کردەوە، کە تێیدا کۆتاییهێنان بە شەڕ و پرۆسەی یەکگرتنی تەواوەتی هێزە سەربازی و دامەزراوە ئیدارییەکان لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا راگەیەندرا.
