ئەمریکا هۆشداری توند دەداتە عێراق

2 كاتژمێر لەمەوپێش



بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی گوت، سیاسەتی واشنتن لەبارەی عێراق ئەوە دەخوازێ حکومەتێک لەو وڵاتەدا هەبێت "بەشێوەیەکی کاریگەر و بە رێزەوە لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان" کاربکات. 

رۆژی سێشەممە، 3-2-2026، بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، 27-1-2026 دۆناڵد ترەمپ بۆچوونی خۆی لەبارەی بەربژێرکردنی نووری مالیکی، بەربژێری چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەربڕی.

ئەو کات ترەمپ گوتی: "جاری رابردوو کە مالیکی لە دەسەڵات بوو، ئەو وڵاتە (عێراق) کەوتە نێو هەژار و پشێوی تەواوە. نابێ رێگە بدرێ ئەوە رووبداتەوە. ئەگەر (مالیکی) هەڵبژێردرێتەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چی دیکە ئامادە نابێ یارمەتی عێراق بدات، ئەوەش بەهۆی سیاسەت و ئایدیۆلۆژیا ناژیرانەکانییەوە. ئەگەر ئێمە یارمەتی نەدەین، عێراق سفر دەرفەتی سەرکەوتن، خۆشگوزەرانی، یان ئازادی هەیە". 

بەرپرسەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جگە لە ئاماژەکردن بە قسەکەی دۆناڵد ترەمپ، بە رووداوی گوت: "سیاسەتی ئێمە بەرامبەر عێراق ئەوە دەخوازێ کە حکومەتێک هەبێ توانای ئەوەی هەبێ بەشێوەیەکی کاریگەر و بە رێزەوە لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان کاربکات". 

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا باسی لەوە کرد، لەگەڵ لایەنی عێراقی لە پەیوەندیدان لەبارەی پرسە جیاوازەکان و هۆشداریشی دا لە گوێنەگرتن و گوێنەدان بە هۆشدارییەکەی ترەمپ و گوتی: "ئامادەین هەموو ئامرازەکانی بەردەستمان بەکاربێنین بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتی سەرۆک و ئەمەشمان بە سەرکردایەتیی سیاسیی عێراق گەیاندووە". 

ئەم هۆشدارییەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کاتێکدایە، شەوی رابردوو نووری مالیکی، بەربژێری چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی شەرقیەی عێراقی لەبارەی زۆر بابەت قسەی کرد. 

مالیکی لەبارەی پەیامەکەی ترەمپ گوتی، سەرۆکی ئەمریکا زانیاری هەڵەی پێدراوە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، لەسەردەمی سەرۆکوەزیرایەتی ئەودا کە بۆ دوو خوول و لە ساڵی 2006 تاوەکو 2014 سەرۆکوەزیران بوو، رێککەوتنی ستراتیژی لەگەڵ ئەمریکا واژۆکرا و رێگەی بۆ هاتنی کۆمپانیا گەورەکانی ئەمریکا بۆ عێراق کردەوە. 

مالیکی هەر لەو هەڤپەیڤینەدا رەخنەی لە هەڵوێستی تورکیا ، قەتەر و سووریا گرت کە دژی هەڵبژاردنەوەی ئەون بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی فیدراڵیی عێراق.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار