دەوڵەمەندترین کەسی جیهان دڵتەنگە
2 كاتژمێر لەمەوپێش
لەدوای بڵاوبوونەوەی ناوی لە فایلەکانی ئیپیستین دەڵێت: "دڵخۆشی بە پارە ناکڕدرێت"
ئامادەکردنی: هاوڵاتی
ئەو پیاوەی خاوەنی 852 ملیار دۆلارە و پێشبینی دەکرێت چەند ساڵێکی دیکە ببێتە یەکەم ترلیۆنێری جیهان، بە پۆستێک تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی هەژاند.
ئیلۆن مەسک بە پۆستێک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس گلەیی ئەوەی کرد؛ سامانەکەی خۆشیی بۆ ژیانی نەهێناوە.
ئیلۆن مەسک لە پۆستەکەیدا نوسیوویەتی: ئەوەی وتی: "پارە ناتوانێت بەختەوەری بكڕێت" ڕاستی کرد. لەگەڵ پۆستەکەشدا ئیمۆجییەکی غەمباریی داناوە، بە واتای ئەوەی کە دڵتەنگە. ئەم پۆستە نزیکەی 50 ملیۆن کەس بینویەتی و ٧٥ هەزار کۆمێنتیشی بۆ چووە.
ئەوەی وایکردووە ئەم پۆستەی ئیلۆن مەسک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بتەقێتەوە دوو هۆکارە؛ یەکەم، ئەم قسەیە لە دەوڵەمەندترین کەسی جیهانەوەیە کە بۆ زۆرێک لە خەڵکی جیهان بووەتە شۆک. دووەم، ئەم قسەیە لەدوای بڵاوکردنەوەی فایلەکانی ئیپیستینەوەیە دەربارەی تێوەگلانی کەسانی بەناوبانگ لە کاری بەدڕەوشتی، منداڵبازی و دەستدرێژیی سێکسی لە دوورگە بەدناوەکەی جێفری ئیپیستین.
لە فایلەکانی وەزارەتی دادی ئەمریکا لەبارەی فایلەکانی ئیپیستینەوە، ناوی ئیلۆن مەسکیشی تێدا هاتووە و چەند ئیمەیڵێک بوونیان هەیە کە قسەی نێوان مەسک و ئیپیستینە.
یەکێک لە ئیمەیڵەکان لە کۆتایی 2012 نووسراوە و تێیدا ئیپیستین پرسیار لە مەسک دەکات، چەند کەس لەگەڵ خۆی دەهێنێت بۆ گەشتێکی هێلیکۆپتەر بەرەو دورگەکەی. لە وەڵامدا مەسک دەڵێت: "ڕەنگە هەر من و تالولا"، کە ئەوکات ڕایلی تالولا هاوسەری بووە.
دواتر لە هەمان ئیمەیڵ مەسک دەپرسێت: "چ ڕۆژێک یان شەوێک شێتانەترین ئاهەنگ لە دوورگەکە ساز دەکرێت؟"
ئیپستینیش وەڵامی دەداتەوە و دەڵێت: ڕەنگە "ئاستی" ئاهەنگەکە تالولا بێزار بکات و مەسکیش لە وەڵامدا دەڵێت: "تالولا کێشەی نییە."
ئیمەیڵێکی دیکە کە لە 2013 نووسراوە، ئیلۆن مەسک پرسیار لە ئیپیستین دەکات: "چ کاتێک باشە بۆ سەردانی دوورگەکە؟ ئیپیستین چەند وادەیەک دادەنێت، بەڵام وا دەردەکەوێت کە یەکتر بینینیان ڕێناکەوێت بەهۆی سەرقاڵیی ئیپیستینەوە.
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەموو ئەم ئیمەیڵانەشدا، ئیلۆن مەسک چەندین جار حاشای کردووە و بە ڕای گشتی ڕاگەیاندووە کە ئیپیستین چەند جارێک داوای لێکردووە بچێت بۆ دوورگەکەی، بەڵام ڕەتیکردووەتەوە.
ئیلۆن مەسک چەند جارێک بە ئیپیستینی وتووە: "قێزەون" و دەشڵێت: "من یەکێک بووم لەوانەی فشارم دەکرد تا ئەو بەڵگەنامانەی بڵاوببنەوە". مەسک دەشڵێت؛ پەیوەندی لەگەڵ ئیپیستین زۆر کەم بووە. بۆ ئەوەی پاساو بۆ ئیمەیڵە بڵاوکراوەکان بهێنێتەوە مەسک دەڵێت: "ئەگەر بمەوێت ئەو کارە قێزەوننانە بکەم پێویستم بە یارمەتی ئیپیستین نییە." ئەم قسەیەشی لە پاساو هێنانەوە خراپترە و بەشێک لە شیکەرەوان دەڵێن؛ ئەمە واتای ئەوەیە کە مەسک دەیەوێت بڵێت: من توانام هەیە لە ئیپیستین خراپتر بکەم.
بەهۆی فایلەکانی ئیپیستینەوە فشارێکی گەورەی میدیایی لەسەر ئیلۆن مەسکە، هەر بۆیە بەشێکی زۆری بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ڕۆژنامەنووسان و نووسەرانی ئەمریکا دەڵێن، پۆستەکەی مەسک کە وتی: "دڵخۆشی بە پارە ناکڕدرێت"، شێوازێکە بۆ وتنی ئەوەی کە سەروەت و سامان ناتوانێت لە لێپرسینەوەی ڕای گشتی بتپارێزێت و ناتوانیت لێی ڕابکەیت.
بەشێک لە کۆمێنتەکان کە بۆ پۆستەکەی مەسک هاتوون تەنزئامێزن. بەکارهێنەرێک بە گاڵتەوە پێی دەڵێت: "ملیۆنێک دۆلارم بۆ بنێرە تا لێت تێبگەم." یەکێکی دیکەش نووسیویەتی: جا تۆ خەفەتبار بیت، دەبێ ئێمە چی بکەین؟
