وته‌بێژى هه‌سه‌ده‌: بڕگه‌ ئه‌منییه‌كانى رێككه‌وتنه‌كه‌مان جێبه‌جێكران و كار له‌سه‌ر بڕگه‌ سه‌ربازییه‌كان ده‌كه‌ین

2 كاتژمێر لەمەوپێش



بەڕێوبەری ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی هەسەدە رایده‌گه‌یه‌نێت، لەدوای وەستانی شەڕ لەنێوان هێزه‌كانیان و حکومەتی ڕاگوزەری سوریا، هێزەکانیان دەگەڕێنەوە پێگە سەرەکییەکانی خۆیان.

لەدوای ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنی حکومەتی دیمەشق و هێزەکانی سوریای دیموکرات لە ٣٠ی کانوونی یەکەم و ڕاگرتنی شەڕ، فەرهاد شامی، بەڕێوبەری ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی هەسەدە لە نوێترین چاوپێکەوتنی ڕۆژنامەوانیدا، ڕایگەیاند: " ‌هێزەکانمان  دەگەڕێنەوە سەر پێگە سەرەکییەکانی خۆیان بەر لە شەڕ".

ئاماژەی بەوەشکرد، لەم ڕۆژانەی دواییدا، بڕگە كارگێڕی و ئەمنییەكانی ڕێككەوتنی نێوان حكومەتی دیمەشق و هەسەدە جێبەجێكران و، ئێستا چوینەتە ناو بڕگە سەربازییەكان و جەختیشیکردەوە کە جێبەجێكردنی بڕگە سەربازییەكان هێزەكانی سوریای دیموكرات و هێزەكانی حكومەتیش دەگرێتەوە، هەروەها هەسەدە پابەندە بە ڕێککەوتنەکە و بۆ ئەم مەبەستەش هێزەکانی لەناو شارەکان دەکشێننەوە و ئاسایشی ناوخۆ جێگایان دەگرنەوە.

هەر لەو چاوپێکەوتنەیدا، فەرهاد شامی ئاماژەی بەوە کرد، حکومەتی ڕاگوزەری سوریا خەریکی کات کوشتنە لە جێبەجێكردنی بڕگەكانی رێككەوتنەكە و هەندێک بەربەستیش هەن، یەكێک لە بەربەستەكان بڕگەی تایبەت بە شەڕڤانە دیلەكانی هەسەدەیە كە دەبوو ئازادبكرێن، بەڵام تا ئێستا ئازادنەکراون.

هه‌روه‌ك تیشکی خستەسەر گەمارۆی شاری کۆبانێ لەلایەن هێزەکانی حکومەتی سوریاوە و باسی لەوە کرد، تائێستا لە كۆبانێ هیچ جۆرە كشانەوەیەک لە گوندەكان و بەرەكان شەڕ نییە و شارەكە گەمارۆدراوە. 

هەر بەپێی وتەی فەرهاد شامی، دەبوایە بڕیاری فەرمی بۆ دانانی (نورەدین ئەحمەد) وەكو پارێزگاری حەسەكە دەربچێت، هێشتا ئەمەش نەكراوە. جەختیشیکردەوە،  گفتوگۆ لەنێوان هێزەکانیان و حکومەت بەردەوامە بە چاودێری نێودەوڵەتی، تاوەکو هەموو بڕگەكان جێبەجێ بكرێن و بەربەست بۆ ڕێككەوتنەكە دروست نەكرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار