كۆبانێ دووچاری قەیرانێكی توندی كەمی دەرمان بۆتەوە
2 كاتژمێر لەمەوپێش
سەرچاوەیەك لە شاری كۆبانێ بە میدیاکانى ڕۆژئاواى کوردستانى ڕاگەیاند، نەخۆشخانە و نۆرینگەكانی شارەكە دووچاری قەیرانێكی توندی كەمی دەرمان بوونەتەوە، بەتایبەتیش دەرمانی چارەسەری شەكرە.
ئەوەش خراوەتەروو، ژمارەیەكی زۆر لە نەخۆش بەتایبەتی منداڵ لەنێو نەخۆشخانەكان هەیە كە پێویستیان بە چارەسەرە ئەوەش نیگەرانی لای پزیشكەكان دورستكردووە، بەو پێیەی دەرمانی پێویست بۆ چارەسەركردنیان نییە.
بەگوێرەی سەرچاوە تەندروستییەكان، ژمارەیەكی زۆر لە هاوڵاتیانی شاری كۆبانێ لە تەمەنە جیاوازەكان دووچاری ژەهراوی بوون و سكچوون و رشانەوە هاتوون، ژمارەكەش رۆژ بە رۆژ رووی لە زیادبوونە، بەشێوەیەك رۆژانە زیاتر لە هەزار كەس سەردانی نەخۆشخانەكان دەكەن، بەڵام بەهۆی نەبوونی دەرمانی پێویست بۆ چارەسەركردن بە نیگەرانی دەگەڕێنەوە.
بەپێی زانیاریەكان بەهۆی گەمارۆکانی سوپای عەرەبیی سووریاوە، سەرجەم دەرمانەکان لە شارەکە 70٪ کەمیان کردووە و دەستکەوتنیان ئەستەمە و نرخی ئەو دەرمانانەش کە بەردەستن 40٪ بەرزبووەتەوە.
سەرەڕای ئەوەی لە 30ـی کانوونی دووەمی 2026وە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و دیمەشق رێککەوتنێکیان واژۆکرد و شەڕ راگیرا، بەڵام هێشتا گەمارۆی سوپای عەرەبیی سووریا لەسەر کۆبانی هەڵنەگیراوە و سەرجەم خزمەتگوزارییەکان لەسەر خەڵک بڕاون.
