تەمویلی مووچەی مانگی یەک خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی هەرێم
2 كاتژمێر لەمەوپێش
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕی زیاتر لە931 ملیار دینار وەک تەمویلی مووچەی مانگی کانوونی دووەم خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتەکەیان، هاوکات ئاشکرای کرد کە بەغدا بڕی 36 ملیار دیناری لە کۆی پارەکە بڕیوە کە تایبەت بووە بە شایستەی خانەنشینان.
ئەمڕۆ سێشەممە، 10ـی شوباتی 2026، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە راگەیەندراوێکدا وردەکاریی گەیشتنی تەمویلی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی خستە روو.
بە پێی ڕاگەیەندراوەکە، دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ بڕی 931 ملیار و 257 ملیۆن دینار، وەک تەمویلی مووچەی مانگی کانوونی دووەم خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
دوا نیوەڕۆی ڕۆژی سێ شەممە ڕێکەوتی ( ١٠ ی شوباتی ٢٠٢٦ ) بڕی ( ٩٣١،٢٥٧،٠٠٠،٠٠٠) نۆ سەدو سی و یەک ملیارو دووسەدو پەنجاو حەوت ملیۆن دینار وەک تەمویلی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لەلقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.
تێبیبی؛ لەچوارچێوەی ئەو سیاسەتەی ماوەی چەند ساڵێکە حکومەتی فیدراڵ لە دژی هەرێمی کوردستان پەیڕەوی دەکات و ئەو کێشەو گیرو گرفت و بیانوانەی مانگانە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ بۆ مووچەی هەرێمی کوردستان دروستی دەکات، بۆ مووچەی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ بڕی ( ٣٦،٣٦٠،٨٦٤،٠٠٠ ) سی و شەش ملیارو سێ سەدو شەست ملیۆن و هەشت سەدو شەست و چوار هەزار دیناری لەکۆی تەمویلی مووچە نەناردووە کە بریتییە لەشایستەی چەند مانگی ڕابردووی زیاتر لە هەشت هەزار خانەنشینی سەربازی و شارستانی کە لەساڵی ڕابردودا خانەنشین کراون و دوای پەسەندکردن و تەواوکردنی دۆسیەکانیان لە مانگی کانوونی دووەم داخڵی لیستی مووچە کراونەتەوە،( واتە ئەو خانەنشینانەی کە لەمانگی یەک داخڵی لیستی مووچە کرابونەوەو پێویست بوو چەند مووچەیەک پێکەوە وەرگرن، لەبەغداوە تەنها یەک مووچەیان بۆ هاتووە کە مووچەی مانگی یەکی ئەمساڵە، لەو بارەیەوە تیمەکانمان لەسەر هێڵن و لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق لەپەیوەندی بەردەوامدان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکەو خەرجکردنەوەی ئەو شایستانە لە نزیکترین کاتدا) .
ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابوری
