تەیف سامی واژۆ لەسەر ناردنی مووچە دەکات
2 كاتژمێر لەمەوپێش
ئەمڕۆ دووشەممە، ڕێکارەکانی لیستی مووچەی مانگی یەکی فەرمانبەرانی کوردستان لە وەزارەتی دارایی عێراق تەواو بکرێت و دوای ئەو پرۆسەیە بڕیارە تەیف سامی واژۆ لەسەر خەرجکردنی مووچە بدات.
ماوەی پێنج ڕۆژە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان، 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتی مانگی یەکی خستووەتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی عێراق، بەڵام تاوەکو ئێستا وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاری خەرجکردنی مووچەی نەداوە، سەرەڕای ناردنی ڕاپۆرتی هەناردەکردنی نەوت.
سەرچاوەیەکی باڵا لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە ئاڤای ڕاگەیاند، بڕیارە ئەمڕۆ واژۆ لەسەر ناردنی مووچە بکرێت. بۆیە ڕێکارەکانی ناردنی یان دەکەوێتە کۆتایی دەوامی ئەمڕۆ یانیش سبەی سێشەممە لەگەڵ دەستپێکی دەوام پارەی مووچەی فەرمانبەران دەنێرێت، ئەگەر هیچ گرفتێکی نوێ دروست نەبێت.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی کوردستان بە ئاڤای ڕاگەیاند، هەموو ئامادەکارییەک کراوە ئەگەر ئەمڕۆ پارە بگات خشتەی مووچە بڵاودەکرێتەوە و سبەی دەست بە دابەشکردنی دەکرێت و لەماوەی سێ ڕۆژدا سەرجەم مووچەخۆران مووچەکانیان وەردەگرن.
