وەزیری بەرگری توركیا: دەبێت هەسەدە بێمەرج چەک رادەست بکات
2 كاتژمێر لەمەوپێش
یەشار گولەر، وەزیری بەرگری توركیا دەڵێت، لە ئەنجامی ئەو ئۆپەراسیۆنە سەرکەوتووانەی ئەنجاميان داوە، گەیشتونەتە قۆناغێكی گرنگ لە شەڕی وڵاتەکەيان دژی "تیرۆر"، ئاماژە بەوەشدەكات، وڵاتەكەيان بە سەرکردایەتی ژیرانەی سەرۆکەکەيان، پرۆسەی "تورکیا دوور لە تیرۆر"ی دەستپێکردووە بۆ بنبڕکردنی "تیرۆر" بە یەکجارەکی.
گولەر، لەمیانی وتەیەكدا لە سەربازگەی عوسمانیە رایگەیاند، بۆ زامنكردنی سەرکەوتنی ئەم ئۆپەراسیۆنە، بەردەوامن لە هەوڵەکانيان بۆ دڵنیابوون لەوەی پەکەکەو گروپەكانی، چالاکییە "تیرۆریستییەکانیان" لە هەموو ناوچەکان، بەتایبەتی لە سوریا رادەگرن و بە زووترین کات چەکەکانیان بەبێ مەرج رادەست دەکەن، لە نزیکەوە هەماهەنگی لەگەڵ دراوسێکەيان دەكەن کە حکومەتی سوریایە لەسەر ئەم بابەتە.
گولەر وتیشی، بۆ ئاسایشی سنورەکانيان و سەقامگیری و یەکێتی سیاسی بەردەوامی سوریا، پێویستە یەکینەکانی پاراستنی گەل/هێزەکانی سوریای دیموکرات (یەپەگە/هەسەدە) بەپەلە مەرجەکانی رێککەوتننامەکانی ١٠ی ئازار و ١٨ی كانونی یەكەم جێبەجێ بکەن.
جەختیشكرد لەوەی، بەردەوام دەبن لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنە پلان بۆ داڕێژراوەکانیان بەبێ پچڕان تا دڵنیا دەبین لەوەی کە "رێکخراوە تیرۆریستییەکە" چیتر مەترسی لەسەر وڵاتەکەيان دروست ناکات، تا دەگەنە ئاستی پێویست لە ئاسایش.
