هەسەدە ناوەڕۆکى کۆبونەوەکەى مەزڵوم عەبدی و وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ئاشکرا دەکات
کاتژمێرێک لەمەوپێش
ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات دەڵێت، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانمان، کۆبونەوەیەکی فەرمی لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ جان نویل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ئەنجامداوە، بە بەشداری رۆهڵات عەفرین، فەرماندەی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) و ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر.
لە كۆبونەوەكەدا باسیان لە رێگاو میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی رێککەوتنی 29ی كانوونی دووەم کردووەو جەختیان لە پێویستی جێبەجێکردنی كردووە بەشێوەیەكی تەواوەتی.
لەگەڵ گفتوگردن لەبارەی بەردەوامی هەوڵە هاوبەشەکان لە روبەڕوبوونەوەی داعش و زامنكردنی پاراستن و ئاسایشی دامەزراوەکانی دەستبەسەركردنی چەکدارانی داعش و کەسوکارەکانیان.
هەر لەكۆبونەوەكەدا، باس لە گرنگی پاراستنی تایبەتمەندی ناوچە کوردییەكان و پاراستنی مافەکانی گەلی کورد لە سوریا کرا، وێڕای لە یەکخستنی هێزە سەربازی و ئەمنییەکان بە هەموو وردەکارییەکانییەوە، بە یەکینەکانی پاراستنی ژنانیشەوە، بە شێوەیەک کە خزمەت بە سەقامگیری و ئاسایشی سەرتاسەری ناوچەکە بکات.
لای خۆیەوە، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا پاڵپشتی وڵاتەکەی بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە دووپات کردەووتەوە، جەختی لەسەر گرنگی ئەم قۆناغە کردەوە لە پتەوکردنی سەقامگیری و بەردەوامیی شەڕی دژی تیرۆر.
هاوكات سەرکردایەتی هێزەکانی سوریای دیموکرات پابەندبوونی خۆی بە جێبەجێکردنی رێککەوتنی 29ی كانوونی دووەم بەردەوامبوونی هەوڵەکانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش و دەستەبەرکردنی ئاسایشی ئەو دامەزراوانەی کە چەکدارانی داعش و خێزانەکانیان راگیراون دووپاتکردەوە.
پێداگریشی لەسەر پێویستی گەڕانەوەی ئاوارەكان كردووە بۆ ناوچەكانی خۆیان بە تایبەت لە عەفرین و سەرێ كانی، لەگەڵ بەشداری چالاك لەسەر ئاستی نیشتمانی بۆ گەیشتن بە چارەسەرێكی سیاسی گشتگیر كە زامنی مافەكانی تەواوی پێكهاتەكانی گەلی سوریا بكات.
فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات ستایشی رۆڵی ئەرێنی فەرەنسای کردووە لەم قۆناغەدا، بە لەبەرچاوگرتنی کاریگەرییەکانی لەسەر پشتیوانیکردن لە هەوڵەکانی ئاشتی و سەقامگیری.
