شاندی ئێران گەیشتە شوێنی بەڕێوەچوونی دانوستان

2 كاتژمێر لەمەوپێش



تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران دیمەنی گەیشتنی شاندی دانوستانکاری وڵاتەکەی بە سەرۆکایەتیی عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوە بڵاوکردەوە، کە گەیشتە شوێنی بەڕێوەچوونی گەڕی نوێی دانوستان لەگەڵ شاندی ئەمریکا.

هەروا بڵاویکردووەتەوە، عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ هەینی 6ی شوباتی 2026، لە مەسقەت بەر لە دەستپێکردنی گەڕی نوێی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا، لەگەڵ بەدر بوسەعیدی وەزیری دەرەوەی عومان کۆبوونەوە، بە گوێرەی تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران، هەردوولا گفتوگۆیان لە بارەی دۆخی هەرێمی و نێودەوڵەتی و چەند پرسێکی دیکە کردووە.

هەر لە بارەی دانوستانی نێوان ئێران و ئەمریکا، عەلی نیکزاد، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بە ئاژاسنی ئیسنای وڵاتەکەی راگەیاندووە، شکۆمەندی نەتەوەیی مەزنی ئێران و حکوومەتەکانی لەوە دایە هەمیشە ئامادەیی دانوستان بوون و کۆماری ئیسلامی هەرگیز مێزی دانوستانی بەجێ نەهێشتووە.

هەروا گوتی "ئەگەر بابەتی دانوستان لە چوارچێوەی پرسە ئەتۆمییەکاندا بێت، کۆماری ئیسلامی هەمیشە لەسەر مێزی دانوستان بووە و حکوومەت و پەرلەمانیش پشتیوانی لەم جۆرە دانوستانانە دەکەن، چونکە هەر لە سەرەتاوە کۆماری ئیسلامی لەسەر بنەمای بیروباوەڕی رێبەری باڵای ئینقلابەوە، کە ئیمام خومەینی بوو، ئێران هیچ کاتێک بەدوای ئەتۆمیدا بە دەستهێنانی چەکی ئەتۆمەوە نەبووە".
نیکزاد رەخنەی لە سیاسەتی دانوستانی ئەمریکا گرت و گوتی: ئەمریکا و بەتایبەت سەرۆکی وڵاتەکە پێی وایە بە سەپاندنی داخوازی نوێ، دەتوانێت بازنەی دانوستانەکان فراوانتر بکات، لە کاتێکدا ئەم سیاسەتە لە بنەڕەتدا شێوازی دانوستان نییە و وەک ئەوە وایە بڵێین چەکەکانتان دابنێن و خۆتان رادەست بکەن، بۆیە ئەم داخوازیانە ناتوانرێت جێبەجێ بکرێن.

هاوکات تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران رایگەیاند: عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوە لە مەسقەت، لەگەڵ هاوتا عومانییەکەی ئێستا لە کۆبوونەودایە.

بەپێی زانیارییەکانی تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران، لەو کۆبوونەوەیدا، پەیوەندی دوولایەنەی نێوان هەردوو وڵات و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و دانووستانەکان لەگەڵ ئەمریکا  گفتوگۆیان لەبارەوە کراوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار