عەباس عێراقچی: دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا دەستپێکێکی باش بوو
2 كاتژمێر لەمەوپێش
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لەبارەی دانوستاندنی لەگەڵ ئەمریکا لە عومان: دەستپێکێکی باش بوو
ئاژانسى تەسنیمى ئێرانى ئەوەشى ڕاگەیاندووە، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، گفتوگۆکانی ئەمڕۆی نێوان ئێران و ئەمریکا کە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەڕێوەچوو، سەرەتایەکی باش بوو.
هەروەها وتیشى: دوای ڕاوێژکردن لەگەڵ پایتەختەکان بڕیار لەسەر چۆنیەتی درێژەدان بە گفتوگۆکان دەدرێت. پێدەچێت لەسەر بنەمای درێژەدان بە گفتوگۆکان کۆدەنگی هەبێت.
گرنگترین قسەکانی عێراقچی:
* وردەکاریی چۆنیەتی بەردەوامبوونی دانوستانەکان دواتر هەماهەنگی لەسەر دەکرێت.
* لەگەڵ ئەمەریکا گەیشتووینەتە لێکتێگەیشتن بۆ ئەوەی دانوستانە ئەتۆمییەکان بەردەوام بن.
* ئەم گەڕەی گفتوگۆکان سەرەتایەکە دوای ماوەیەک لە ئاڵۆزی، بەڵام تەحەدی سەرەکی بریتییە لە "لاوازیی متمانە" لە نێوان هەردوولا.
* ئاڵوگۆڕی بیروڕاکان لە مەسقەت "باش" بوو و بە سەرەتایەکی ئەرێنی دادەنرێت بۆ دانوستانەکان.
* گفتوگۆکان بە شێوەی "ناڕاستەوخۆ" بەڕێوەچوون و تێڕوانین و نیگەرانییەکانی هەردوولا گەیەندراون بە یەکتر.
* دەکرێت دانوستانەکان بە باشی بەردەوام بن، بەڵام ئەوە پەیوەستە بە هەڵوێستی لایەنی بەرامبەر (ئەمەریکا) و ئەو بڕیارانەی لە تاران دەدرێن.
* گەیشتن بە چوارچێوەیەکی گونجاو بۆ لێکتێگەیشتن، بەندە بە بەردەوامیی "مەیلی ئەرێنی" لایەنی بەرامبەر.
هاوکات ئیسماعیل باقائی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە سەبارەت بە درێژەی دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئەمریکا ئەوەى خستەڕوو، دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا لە مەسقەت بە ڕێککەوتنی لایەنەکان لەسەر درێژەدان بە دانوستانەکان کۆتایی هات.
وتیشى: لایەنەکان وێڕای ڕوونکردنەوەی بۆچوون و داواکارییەکانیان، ڕێککەوتن لەسەر بڕیاردان لەسەر خولی داهاتووی گفتوگۆکان بە ڕاوێژ لەگەڵ پایتەختەکان.
لەلایەکى دیکەوە ماڵپەرى ئەکسیۆس بڵاویکردەوە، گەڕی دانوستانەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران کە لە مەسقەتی پایتەختی عومان بەڕێوەدەچوو، کۆتایی هات.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کردووە، بڕیارە لە رۆژانی داهاتودا گەڕێکی دیکەی گفتوگۆ و دانوستان لە نێوان واشنتن و تاران ئەنجام بدرێت، تاوەکو درێژە بەو بابەتانە بدرێت کە لەم گەڕەدا قسەیان لەسەر کراوە.
بەر لە دەسپێکردنی گەڕی یەکەمی دانوستانی نوێی ئێران و ئەمریکا، وەزیری دەرەوەی سەڵتەنەی عومان، پابەندبوونی وڵاتەکەی بۆ بەردەوامبوون نێوەندگیری و پاڵپشتی زمانی گفتوگۆ و لێکنزیککردنەوەی بۆچوونی هەردوو لایەنی دانوستانکار دووپاتکردەوە، هەروەها ئامادەیی وڵاتەکەی دەربڕی گەیشتن بە چارەسەری سیاسی گونجاو لەگەڵ ئامانج و خوازراوەکان.
بە گوێرەی بەرنامەی گەڕی یەکەمی دانوستانی ناڕاستەوخۆی نێوان ئێران و ئەمریکا، سەرەتا عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ بەدر ئەلبوسەعیدی وەزیری دەرەوە، ئەمڕۆ هەینی کاتژمێر 09:53ی بەیانی گفتوگۆیان کردووە، دواتر کاتژمێر 11:45 وەزیری دەرەوەی عومان لەگەل سیتڤ ویکۆف نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا گفتوگۆی کردووە.
