ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم چوارشەممە بۆ سێ پرس کۆدەبێتەوە
2 كاتژمێر لەمەوپێش
بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە 11-2-2026، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام بدات. کۆبوونەوەکە بۆ ماوەی 2 کاتژمێر دەبێت، لە کاتژمێر 10:00ـی بەیانی تاوەکو 12:00ـی نیوەڕۆ، کە تێیدا سێ تەوەری سەرەکی (پشکی بودجە بەپێی سەرژمێری، دۆسیەی زیندانیانی سیاسی و قەرزی پارەی بەشەخۆراک) گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت.
تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەکە لەسەر بەشە بودجەی ئەمساڵی هەرێمی کوردستانە لە بودجەی عێراق. گفتوگۆ دەکرێت لەسەر بەدواداچوونی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ پابەندکردنی حکومەتی فیدراڵیی عێراق بە ئەنجامی سەرژمێرییەکەی کۆتایی ساڵی 2024، بە مەبەستی دەستنیشانکردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان.
٠ ساڵانی ڕابردوو پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە بە 12.67% دیاری دەکرا، بەپێی سەرژمێریش ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان 14.1%ـە، واتا دەبێت بەشە بودجەی کوردستان زیاد بکرێت.
٠ تەوەری دووەم تایبەتە بە زیندانیانی سیاسی؛ ئەنجوومەنی وەزیران کۆنووسێک پەسەند دەکات کە پێشتر لە نێوان وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی کوردستان و دەزگای زیندانیانی سیاسی عێراق واژۆ کراوە، بۆ یەکخستن و گواستنەوەی دۆسیەی زیندانیان و گیراوانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان بۆ سەر دەزگای زیندانیانی سیاسی عێراق.
٠ ئەنجوومەنی وەزیران لە تەوەری سێیەمدا بڕیار لەسەر پێشنیازی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی دەدات لەبارەی پارەی بەشەخۆراکی مانگانەی هاووڵاتییان لە ساڵانی 2004 بۆ 2022. وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەڵێت لەو ساڵانەدا خەڵک 118 ملیار دینار قەرزارن؛ پێشنیاز کراوە لەمەودوا هەر هاووڵاتییەک مانگانە 250 دینار زیاتری لێ وەربگیرێت تاوەکو پارەکە ساف دەبێت. وەزارەتی بازرگانیی هەرێمیش دەڵێت ئەو پارەیەی پێشتر کۆکراوەتەوە، لە گواستنەوە و کۆگاکردنی خۆراک و نەسریەی فەرمانگەکان خەرج کراوە.
