نیوەی چوارچێوەی هەماهەنگی لە كاندیككردنی مالیكی پەشیمان بوونەتەوە
2 كاتژمێر لەمەوپێش
حسێن شەیحانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی سادیقوون ڕایگەیاند، لەگەڵ سێ سەرکردەی چوارچێوەی هەماهەنگی قسەی کردووەو پێیان ڕاگەیاندووە پشتیوانییان بۆ نوری مالیکی کشاندووەتەوە، بەوپێیەش ئەوانەی دژایەتی مالیکی دەکەن بوونەتە شەش سەرکردە لەکۆی 12 سەرکردە.
وتیشی، چاوەڕێ دەکرێت سەرکردەیەکی دیکەی چوارچێوەی هەماهەنگی پەیوەندی بە بەرەی دژایەتی مالیکییەوە بکات بەوەش ژمارەی دەنگەکان دەبنە حەوت دەنگ لەکۆی 12 دەنگ، بەگوێرەی ئەم هاوکێشەیەش مالیکی کشانەوەی خۆی لە کاندیدبوون ڕادەگەیێنێت یانیش چوارچێوەی هەماهەنگی بڕیار دەدات و کاندیدێکی دیکە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق دیاریی دەکات.
بە وتەی شەیحانی هۆکاری کشانەوەی سەرکردەکان لە پشتیوانیکردنی مالیکی بۆ بوونەوە بە سەرۆکوەزیران ئەوەیە کورد و سوننە ناچنە کۆبوونەوەی پەرلەمان تا سەرۆک کۆمار هەڵبژێرن، چونکە نایانەوێت سەرۆک کۆمار کەسێک ڕاسپێرێت کە ئەمریکا دژایەتی بکات و لەناوخۆشدا کۆدەنگیی نیشتمانی لەسەر نەبێت، بۆیەش سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی دەیانەوێت ڕەچاوی ئەم بابەتە بکەن و کاندیدەکەیان بگۆڕن.
حسێن شەیحانی ئاشکراشی کرد، ئەو شەش سەرکردەیەی پشتیوانییان بۆ مالیکی کشاندووەتەوە خاوەنی 124 پەرلەمانتارن لەکۆی 185 پەرلەمانتارەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی، بەوپێیەش زۆرینەی هەرە زۆری ئەم ناو ماڵی شیعەن و قسەی ئەوان قورسایی خۆی هەیە.
دوای ئەوەی نوری مالیکی ئاشکرای کرد، ئەگەر زۆرینەی هەرە زۆری سەرکردەکانی چوارچێوەی لەگەڵ ئەوەبن لە کاندیدبوون بەردەوام نەبێت، ئەویش لە خواستی بوونەوە بە سەرۆک وەزیران وازدەهێنێت.
