لێبوردنی نێودەوڵەتی: دوو منداڵ لە ئێران لەبەردەم پەتی سێدارەدان
2 كاتژمێر لەمەوپێش
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی هۆشداری دەدات لەوەی، کە دوو مێرد مناڵی تەمەن 17 ساڵ، لەبەردەم پەتی سێدارەدان، کە بەتۆمەتی بەشداریکردنیان لە ناڕەزایەتییەکانی مانگی رابردوو لەیەکێک لە زیندانییەکانی ئێران دەستبەسەرکراون.
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، کە بارەگاکەی لە لەندەنە ڕوونیکردەوە، ئەو دوو مێرد منداڵە تەمەنیان ١٧ ساڵە و لە ئێستادا لە یەکێک لە ناوەندەکانی چاکسازی نەوجەوانان ڕاگیراون و لەگەڵ 30 کەسی تردا، بە تۆمەتی بەشداریکردنیان لە ناڕەزایەتییەکانی مانگی کانوونی دووەمی 2026 لەبەردەم پەتی سێدارەدان.
ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکە، جەختی لەوە کردەوە، کە یاسا نێودەوڵەتییەکان سزای لەسێدارەدانی بۆ کەسانى خوار تەمەن ١٨ ساڵ قەدەغە کردووە.
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، داوا لە دەسەڵاتدارانی ئێران دەکات، دەستبەجێ ئەم لەسێدارەدانانە ڕابگرن و داواش لە وڵاتانى جیهان دەکات، هەنگاوی بەپەلەی دیپلۆماسی بگرنەبەر بۆ ڕێگریکردن لەو لەسێدارەدانانە.
دیانا تەحاوی، بەڕێوەبەری خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی دەڵێت، دەسەڵاتدارانی ئێران سزای لەسێدارەدانیان وەک ئامرازێکی تۆقاندن و سەرکوتکردن بەکارهێناوە بۆ سەرکوتکردنی داواکارییە جەماوەرییەکان، بە بێ گوێدانە مافی ژیان و دادپەروەری.
تەحاوی ئاماژەی بەوەشکردووە، منداڵان و گەنجان بەشێکی زۆری ئەو کەسانە پێکدەهێنن کە دەستگیرکراون.
خۆپێشاندانەکان رۆژی 28-12-2025 لەلایەن کاسبکارانی تارانەوە دژی گرانی و دابەزینی بەهای تمەن دەستیپێکرد، بەڵام دواتر فراوان بوو، تووندوتیژی لێکەوتەوە، رۆژی پێنجشەممە، 12ی شوباتی 2026، ئاژانسی چالاکوانانی مافی مرۆڤی ئێران (هرانا) نوێترین راپۆرتی خۆی لەبارەی قوربانییانی خۆپێشاندانەکان بڵاوکردەوە. بەپێی راپۆرتەکە، کوژرانی 7002 کەس بە بەڵگەوە پشتڕاستکراوەتەوە، کە 216یان منداڵن.
