ئێران بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان: ئەگەر هێرش بکرێتە سەرمان تۆڵە دەکەینەوە

2 كاتژمێر لەمەوپێش



ئێران لە پەیامێکدا بۆ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات، لەوەی ئەگەر هێرشی سەربازی بکرێتە سەر تاران، تۆڵەی خۆی دەکاتەوە و ڕایگەیاندووە : "هەموو بنکە و کارگە و سەروەت و سامانی ئەو هێزە دوژمنکارە لە ناوچەکەدا ئامانجی شەرعی ئێمەن".
نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت: لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ "هۆشدارییەکی راستەقیینەن بۆ ئەگەری هێرشی سەربازی دوژمنکاریانە". جەختیشی لەوە کردەوە کە تاران شەڕی ناوێت، بەڵام ئەگەر هێرش بکرێتە سەری "بە توندی وەڵام دەداتەوە".
ئەو پەیامە لە کاتێکدایە کە زمانی دیپلۆماسی لە نێوان واشنتۆن و تاران پاش دوو خول لە دانوستانەکان، بەرەوە پاشەکشە هەنگاو دەنێت و لەبەرامبەر هەردوولا هەڕەشەکانی کردەی سەربازی دەکەن، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، ئاماژەی بەوە کردووە کە گفتوگۆ ناراستەوخۆکانی ئەم دواییەی جنێف بێ ئەنجام بوون و ئێران هێشتا داواکارییە سەرەکییەکانی ئەمریکا پشتگوێ دەخات.
پێشتریش دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە کۆبوونەوەی "بۆردی ئاشتی" کە رۆژی 19ی شوباتی 2026 بەڕێوەچوو، رایگەیاند، بڕیاری کۆتایی سەبارەت بە ئەنجامدانی هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران لە ماوەی 10 رۆژی داهاتوودا دەدرێت.
 ئەم هۆشدارییە لە کاتێکدایە کە ئەمریکا هێزێکی زۆری سەربازیی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆکردووەتەوە و دانوستانە ئەتۆمییەکانیش گەیشتوونەتە قۆناغێکی هەستیارو بەرپرسانی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا بە ترەمپیان راگەیاندووە کە سوپا ئامادەیە بۆ وەشاندنی گورزی سەربازی.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار