ناوەڕۆکى کۆبوونەوەکەى سوودانی و تۆم باڕاک
2 كاتژمێر لەمەوپێش
سەرۆکوەزیرانی عێراق و نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا جەخت لەسەر پێویستی پەنابردن بۆ دیالۆگی دیپلۆماسی بۆ چارەسەری ململانێکان دەکەنەوە و عێراقیش داوای چارەسەری ریشەیی بۆ کێشە قووڵەکانی ناوچەکە و پاراستنی سەروەریی وڵاتان دەکات.
یەکشەممە 22ـی شوباتی 2026، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، پێشوازی لە تۆم بەڕاک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا کرد و لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و دواین پەرەسەندنەکانی ناوچەکە و هەوڵەکانی عێراق بۆ چەسپاندنی سەقامگیری، بەتایبەتی لە وڵاتی سووریا، تاوتوێ کران.
بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیران، هەردوولا بیروڕایان گۆڕیوەتەوە سەبارەت بە میکانیزمەکانی رێگریکردن لە پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەدا. جەختیش لەسەر گرنگی پەنابردن بۆ دیالۆگ و رێگە دیپلۆماسییەکان کرایەوە وەک تاکە بژاردە بۆ چارەسەرکردنی ململانێکان.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیران دەشڵێت: سوودانی لە دیدارەکەدا ئاماژەی بەوە کرد کە پێویستە چارەسەری ریشەیی بۆ کێشە قووڵەکان بدۆزرێتەوە و رێگری لە هەر جۆرە دەستدرێژی و پێشێلکارییەک بکرێت کە سەروەری وڵاتان و گەلانی ناوچەکە دەکاتە ئامانج. هاوکات باس لە دەرفەتەکانی هاوکاری ئابووری کرا کە ببێتە هۆی گەشەپێدانی گشتگیر و سەقامگیری درێژخایەن.
بەگوێرەی نووسینگەکە، تۆم بەڕاک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا، ستایشی رۆڵی کاریگەری عێراقی کرد لە دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکانی ناوچەکە و هەوڵەکانی بەغدای بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و بەردەوامبوون لە شەڕی دژی تیرۆر بەرز نرخاند.
