بەغدا بەشوێن ئەو تۆڕانەوەیە گەنجانى عێراق دەبەنە ریزى سوپاى روسیاوە
2 كاتژمێر لەمەوپێش
لەگەڵ پەرەسەندنى مەترسییەکانى دیاردەى چوونە نێو سوپای وڵاتانی دیکە لەلایەن هاوڵاتیانى عێراقەوە، دەزگا ئەمنییەکان، رێکارە یاسایی و ئەمنییەکانیان بۆ رێگریکردن لەو دیاردەیە تووندتر کردوەتەوە و لێکۆڵینەوەکانیان چڕکردوەتەوە، لەسەر ئەو کۆمپانیا و نووسینگانەى لەژێر ناوى گەشتیاریی و گواستنەوەدا، کار ئاسانى بۆ گەنجان دەکەن تاوەکو بچنە نێو سوپای وڵاتانی دیکە.
رۆژی چوارشەممە 18-02-2026، نووسینگەی قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، بڵاویکردەوە، کۆبوونەوەیەکى تایبەت بە پرسى بەرەنگاربوونەوەی بەسەربازکردنی هاوڵاتیانی عێراقی لە نێو سوپای روسیا و وڵاتانى دیکە ئەنجامدراوەو بڕیاردراوە بە چالاککردنی ئەو ماددە یاساییانەی لە یاسای سزادانی عێراقیدا هاتوون کە سزای بەندکردن بەسەر هەر هاوڵاتییەکدا دەسەپێنێت کە بەبێ رەزامەندی فەرمی، بچێتە نێو ریزی هێزە چەکدارەکانی دەوڵەتێکی دیکە.
هەروەها بڕیاردرا، بە لێپرسینەوە و سزادانی ئەو کۆمپانیا گەشتیاریی و لایەنانەی ئاسانکاری بۆ گەنجان دەکەن، یان تۆڕی نایاساییان بۆ سەربازکردن و دابینکردنی دارایی دروستکردووە.
ئەم هەنگاوەى حکومەتى عیراق دواى ئەوەهات، ژمارەیەک راپۆرت ئەوەیان ئاشکرا کردبوو، سەدان گەنجى عیراق، چوونەتە نێو ریزەکانى سوپاى روسیاو ئێستا لە شەڕی ڕوسیا و ئۆکرانیادا بەشدارن، چوونى ئەم گەنجانەش لە رێگەى کۆمپانیا گەشتیارییەکان و چەند تۆڕێکى نێوەند گیریەوە بووە، ئەوەش بەسوود وەرگرتن لە دۆخى خراپى ئابوورى ئەو کەسانە کاتێک بەشوێن هەلیکاردا گەڕاون.
راپۆرتەکان ئەوەشیان خستۆتەڕوو، پرۆسەى بە سەربازکردنەکە سەرەتا لەژێر ناوى کار و پاسەوانیدا بووە، دواتر ئەو گەنجانە خۆیان لەنێو سوپا و جەنگدا دۆزیوەتەوە.
لێپرسراوێکى باڵاى ئەمنیى عیراق بە رۆژنامەى عەرەبى جەدیدى وتووە، ناوى زۆرێک لە کۆمپانیا و قاچاخچى ئاشکرابوون، کە گەنجانیان فریوداوە بۆ بەشداریکردنیان لە جەنگ لەدەرەوەى عیراق، هەروەها پێیان وتوون، دەبنە خاوەنى رەگەزنامەى روسیاو مووچەکەشتان دەگاتە 10 هەزار دۆلار، لەگەڵ دابینکردنى چاودێری تەندروستى و یارمەتیدانتان بۆ پێکهێنانى خێزان لەو وڵاتە، هەموو ئەو زانیاریانەش، لەکاتى دانپێدانانى ئەو کەسانەدا ئاشکرابووە، کە لەماوەى رابردوودا دەستگیرکرابوون.
ئەو لێپرسراوە ئەمنییەى عیراق کە نەیویستووە ناوەکەى ئاشکرابێت، رونیکردۆتەوە، هەموو ئەو پرۆسانە لە ڕێگەى پێگەى تیلیگرامەوە بووە، بۆیە ئێستا عێراق رێوشوێنى تەکنیکى لەوبارەوە لەگەڵ کۆمپانیاى تیلیگرام دەست پێکردووە.
پێشتریش قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، وتبووى سەدان هاوڵاتى عێراقی لە شەڕی نێوان ڕوسیا و ئۆکرانیادا بەشدارن، هەروەها سەرچاوە ئەمنییەکانیش باسیان لەوە کردووە، بەغدا بە فەرمی داوای لە مۆسکۆ و کیێڤ کردووە ئەو عێراقییانەیان رادەستبکاتەوە کە لە شەڕدا بەشدارن.
هاوکات فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، هۆشداری داوە لەوەی کە یاسای عێراقی رێگە بە هیچ کەسێک نادات ببێتە سەربازی وڵاتێکی دیکە، باسى لەوەشکردووە، لایەنی ئەمنی و دادوەریی عێراق ئێستا پێکەوە کاردەکەن بۆ ئەوەی رێگری لەو تۆڕانە بگرن، کە گەنجانی عێراقی بە ناوی کار یان گەشتوگوزار، دەبەنە روسیا و دواتر لە بەرەکانی جەنگدا تێوەیان دەگلێنن.
