فێڵێكی گەورە لە گەنجانی عێراق دەکرێت؛ حکومەت هۆشداری دەدات
2 كاتژمێر لەمەوپێش
بە نیازی خوێندن و کارکردن دەڕۆن، بەڵام دەکرێنە چەکدار
ئەمە چیرۆکی ژمارەیەک گەنجی عێراقییە کە ئێستا لە ریزی سوپای روسیا دژ بە ئۆکراین دەجەنگن، ژمارەیەکیشیان لەلای ئۆکراین بەدیل گیراون
حکومەتی عێراق هەوڵەکانی بۆ رێگری لە فریودانی گەنجانی وڵاتەکە دەستپێکردووە، تاوەکو ئێستا 17 کەس بەتۆمەتی تێوەگلان لەو دۆسیەیە دەستگیرکراون، دوو کەسیان سزای زیندانی هەمیشەییان بۆ دەرچووە.
سەعید جەیاشی، راوێژکاری ستراتیژییە لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، ، بە ئاژانسی فەرمی هەواڵی عێراقی راگەیاندووە، حکومەت لیژنەیەکی باڵای بۆ لێکۆڵینەوە لەو دۆسیەیە دروستکردووە، لیژنەکە بەمزوانە سەردانی روسیا و ئۆکراین دەکات.
لیژنەکە نوێنەری دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکانی عێراقی تێدایە، هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەری هەیە، چەند کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ باڵێۆزی روسیا لە بەغداد و دامەزراوەکانی سەر بە وەزارەتی دەرەوە ئەنجامداوە.
سەعید جەیاشی ئاماژەی بەوەکردووە، هەردوو کونسوڵخانەی روسیا لە هەولێر و بەسرە ڤیزایان داوەتە ئەو گەنجانەی کە ئێستا لە روسیا چەکدارکراون.
بە وتەی سەعید جەیاشی، وەزارەتی پەروەردەی عێراق بڕیاریداوە زەمالەکانی خوێندن لە روسیا بۆ ئەمساڵ رابگیرێن، چوونکە بەشێک لەو گەنجانە بەناوی دەرفەتی خوێندنەوە براونەتە رووسیا، لەوێش ناچارکراون ببنە چەکدار.
بڕیارە بەمزوانە، لیژنەکەی حکومەتی عێراق سەردانی روسیا بکات بۆ زانینی ژمارەی دروستی ئەو هاوڵاتییە عێراقیانەی چەکدارکراون، هەروەها لیژنەکە لەگەڵ بەرپرسانی ئۆکراین کۆدەبێتە و تاوتوێی چارەنووسی ئەو کەسانە دەکات کە لە جەنگدا بەدیل گیراون.
