کۆبوونەوەی مەزڵوم عەبدی و تۆم باراک لە بارەگای بارزانی بەڕێوەدەچێت
2 كاتژمێر لەمەوپێش
کەمێک لەمەوبەر تۆم باراک، نیردەی تایبەتی ترەمپ بۆ سوریا، گەیشتە هەولێر و لەگەڵ سەرۆک بارزانی لە کۆبوونەوەدایە.
بەپێی زانیارییەکان، مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هەسەدەش گەیشتووەتە هەولێر و دواتر لە بارەگای بارزانی لەگەڵ تۆم باراک کۆدەبێتەوە.
بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 17ـی کانوونی دووەمی 2026، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و تۆم باراک، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا؛ گەیشتنە هەولێر.
بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، هەر ئەمڕۆ، سەرۆک بارزانی لەگەڵ تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا کۆدەبێتەوە.
چاوەڕێ دەکرێت لە کۆبوونەوەکەدا، ڕێککەوتنی 10ـی ئاداری نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، دۆخی سووریا و دوا پێشهاتەکانی ناوچەکە تاوتوێ بکرێن.
ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە، ئێوارەی ڕۆژی هەینی، 9ـی کانوونی دووەمی 2026، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەنێوان سەرۆک بارزانی و تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆک ترەمپ بۆ کاروباری سووریا و باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا ئەنجامدرا. لەم پەیوەندییەدا، هەردوولا بیروڕایان لەبارەی بارودۆخی سیاسیی ناوچەکە و سووریا بە گشتی ئاڵوگۆڕ کرد و تیشکیان خستە سەر گرنگیی هەماهەنگی و گفتوگۆ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، هەردوولا جەختیان لەوە کردەوە، پێویستە هەموو هەوڵێک بدرێت بۆ ئەوەی گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان هێزە کوردییەکان و حکوومەتی سووریا نەمێنن و بارودۆخی ناوچە تێكچووەکان ئاسایی ببێتەوە. هەروەها جەخت لەسەر نانی هەنگاوی جدی کرایەوە بۆ بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری و چەسپاندنی ئاشتی لە سووریا، تاوەکو ڕێگری لە زیاتر تێکچوونی دۆخی مرۆیی و ئەمنیی ناوچەکە بگیرێت.
دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی 2024، سەرۆک مەسعود بارزانی چەندین هەنگاوی گرنگ و ستراتیژی بۆ پاراستنی ماف و دەستکەوتەکانی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان ناوە. هاوکات، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، چەندین جار سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە و لەگەڵ سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان کۆبووەتەوە.
