پلانێکی شەرع دژی هەسەدە شکستی هێنا
2 كاتژمێر لەمەوپێش
دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان لە قۆناغێکی مەترسیداردایە، دوای شکستهێنانی پلانێکی ئەحمەد شەرع چاوەڕوان دەکرێت ئەمشەو یان سبەینێ شەڕێکی قورس و خوێناوی ڕووبدات. بەهۆی هەڵکشانی مەترسییەکانیش ڕۆژئاوای کوردستان سێ دەروازەی گەورەی لەگەڵ سووریا داخستووە.
دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە تا دێت خراپتر و مەترسیدارتر دەبێت، بەتایبەت لە دێر حافر و مەسکەنە و بەنداوی تشرین. گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی سووریا و تورکیا، لە 24 سەعاتی ڕابردوودا هێرشەکانیان چڕتر کردووەتەوە بەتایبەت بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان.
بەپێی زانیارییە مەیدانییەکان، ئێستا هێزەکانی هەسەدە و گرووپە چەکدارەکان بەرامبەر یەک لە سەنگەرن، سوپای عەرەبی سووریا هەڕەشەی هێرشێکی تووند و یەکلاکەرەوە دەکات. زەنگی دەستپێکردنی هێرشەکەیشی لێداوە، چاوەڕوان دەکرێت دوای تەواوبوونی مۆڵەتە 8 کاتژمێرییەکە، ئەمشەو تا بەیانی شەڕێکی قورس و خوێناوی ڕووبدات.
مەترسیدارترین شوێن بۆ شەڕەکە دێر حافرە، زیاتر لە 100 هەزار کەس لەو شارۆچکەیە دەژین و زۆربەیان عەرەبن، لەگەڵ مەسکەنە و بەنداوی تشرین لەلایەن سوپای سووریا بە ناوچەی سەربازی داخراو دانراون.
سوپای عەرەبی سووریا دوێنێ ڕایگەیاند بۆ پاراستنی خەڵک ڕێڕەوێکی مرۆیی دەکەنەوە. مۆڵەتێکی 8 کاتژمێریشی دانابوو لە کاتژمێر 09:00ی بەیانی ئەمڕۆوە بۆ کاتژمێر 05:00ی ئێوارە، بۆ ئەوەی خەڵک ناوچە سەربازییەکان چۆڵ بکەن، بەڵام ئەو پلانەی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان شکستی هێنا، بەدرێژایی ئەمڕۆ یەک کەس لە ڕێڕەوە مرۆییەکە دەرنەچوو.
سوپای عەرەبی سووریا هەسەدە تۆمەتبار دەکات بەوەی ڕێگری لە خەڵک کردووە لەڕێگەی ڕێڕەوەکەوە لەو ناوچانە دەرچن و بگوازرێنەوە بۆ شوێنێکی سەلامەت.
هەسەدەش ئەو تۆمەتە ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت: خەڵک خۆیان ڕایان نەکردووە و ڕازی نەبوون بە زۆرەملێ ئاوارە بکرێن و لەژێر هەڕەشە و فشار ماڵ و حاڵیان جێبهێڵێن، چونکە هیچ متمانەیەکیان بە سوپای سووریا و گرووپە چەکدارەکان نییە.
ئێستا دۆخەکە ئاڵۆز و مەترسیدارە، سوپای سووریا و گرووپە چەکدارەکان هەزاران چەکداریان کۆکردۆتەوە، هەرچی چەکی قورس هەیانە هێناویانە بۆ هێرشکردنە سەر هەسەدە.
هەسەدەش سەنگەرەکانی قایم کردووە و هەڕەشە دەکات هەر هێرشێکیان بکرێتە سە بەتووندی وەڵامیان دەدەنەوە بۆ ئەوەی جارێکی تر بووێرییان نەبێت بیر لە داگیرکردنی ڕۆژئاوای کوردستان بکەنەوە.
نوێترین پێشهاتەکان: ئێوارەی ئەمڕۆ گرووپە چەکدارەکان بە دوو درۆنی بۆمبڕێکراو هێرشیان کردە سەر دەوروبەری بەنداوی تشرین.
٠ هەسەدە دەڵێت درۆنی بەیرەقداری تورکی بەشێوەیەکی چڕ و بەردەوام بەسەر ئاسمانی دێرحافر و مەسکەنەدا دەسووڕێننەوە.
