دوای حەرامکردنی جیاوازیی نرخی دۆلاری سپی و شین بۆ 900 دینار دابەزی
2 كاتژمێر لەمەوپێش
ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، جیاوازی لە نێوان دۆلاری سپی و شین حەرامە و ئەمڕۆ لە بازاڕی دۆلار فرۆشانی هەولێر، جیاوازیەکەی بۆ 900 دینار کەمبووەوە.
کەیفی خۆشناو، گوتەبێژی بازاڕی دۆلارفرۆشانی هەولێر، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 15ـی کانوونی دووەمی 2026، بە هێرۆ مەولوودی پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند: فەتوای دوێنیی ئەنجوومەنی باڵای فەتوانی هەرێمی کوردستان زۆرباش و پێویستبوو، چونکە خەڵکانێکی زۆر خانوویان دروستدەکرد یان ئۆتۆمبێلیان دەکڕی یاخود مامەڵەی دیکەیان هەبوو، زۆر زیاتر لەسەریان گران دەبوو.
گوتەبێژی بازاڕی دۆلارفرۆشانی هەولێر ئاماژەی بەوە دا، ماوەیەکبوو جیاوازی نێوان دۆلاری سپی و شین چوار هەزار دیناربوو، بەمەش خەڵکێکی زۆر زەرەرمەندبوون، بەڵام ئەمڕۆ جیاوازیەکە لە چوار هەزارەوە بۆ 900 دینار کەمیکردووە، دوای چەند ڕۆژێکی دیکە ئەم جیاوازیەش نامێنی.
کەیفی خۆشناو داوا دەکات، چارەسەری پارەی دڕاویش بکرێت، بەتایبەتی لە بانکەکان، چونکە بەمەش کارئاسانییەکی زۆر بۆ هاووڵاتییان دروست دەبێت.
دوێنێ چوارشەممە، 15ـی کانوونی دووەمی 2026، ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان، دەربارەی جیاوازی نێوان دۆلاری سپی و شین فەتوایەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: نابێت جیاوازی لە نێوانیان بکرێت، چونکە لە یەک ڕەگەزن و نابێت جیاکاریی لەنێوانیاندا بکرێت. لەگەڵ ئەمەشدا دەرچەیەکی شەرعی هێناوەتەوە.
هەروەها عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "لەکاتی گۆڕینەوەی دۆلاری شین بە سپی، وەرگرتنی هەر بڕە پارەیەک بە بیانووی جیاوازیی جۆرەکەیان، حەرامە."
ناوبراو ڕوونی کردەوە، کە لە ڕووی یاساییەوە دۆلاری سپی و شین یەک بەهان و یەک ڕەگەزی دراون؛ بۆیە دەبێت ئاڵوگۆڕەکە دەستبەدەست و بە هەمان بڕ بێت، هەر زیادەیەک لەم نێوەندەدا وەربگیرێت، حەرامە.
