سۆمۆ: هەناردەی نەوتی کوردستان بەردەوام دەبێت
2 كاتژمێر لەمەوپێش
کۆمپانیای سۆمۆ ڕایگەیاند، لە سێ مانگی ڕابردوودا 19 ملیۆن بەرمیل نەوتی لە هەرێمی کوردستانەوە هەناردە کردووە. جەختیشی کردەوە، بەردەوامن لە وەرگرتنی نەوتی هەرێم بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی کە کراوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 15ـی کانوونی دوومەی 2026، عەلی نزار شەتەری، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بە ئاژانسی هەواڵی عێراق (واع)ـی ڕاگەیاند: "پرۆسەی وەرگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی کراوە". جەختیشی کردەوە "هەموو لایەنەکان هەوڵی خۆیان دەدەن بۆ پابەندبوون بە جێبەجێکردنی بڕگەکانی ڕێککەوتنەکە، بەپێی ئەو بارودۆخە کارپێکردنەی کە بۆ کێڵگە نەوتییەکان و پرۆسە لۆجستییەکان دیاریکراوە."
ئەلشەتەری ڕوونیکردەوە "ئەو بڕە نەوتەی کە لە سەرەتای جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەکەوە لە 27ی ئەیلوولی 2025 تا کۆتایی مانگی کانوونی دووەمی 2025 وەرگیراوە و هەناردەکراوە، گەیشتووەتە نزیکەی 19 ملیۆن بەرمیل،" ئاماژەی بەوەش کرد "تێکڕای مانگانەی نزیکەی 6 ملیۆن بەرمیلە."
ناوبراو گوتیشی: "سرووشتی پیشەسازی نەوتی جیهانی گۆڕانکاری لە ڕێژەکانی بەرهەمهێنان و هەناردەکردندا دروست دەکات، ئەمەش بەهۆی گۆڕانکارییە تەکنیکی و کارپێکردنەکانەوەیە." ڕوونیشیکردەوە "بڕی ئەو نەوتەی مانگانە لە هەرێمەوە وەردەگیرێت، و ڕێژەکەی لە کۆی گشتی هەناردەکردنی عێراقدا، بە ڕێژەیەکی سادە دەگۆڕێت و لە سنووری قبوڵکراودایە بەپێی پێوەر و ڕێکارە جیهانییەکانی پیشەسازی نەوت."
22ى ئەیلوولی 2025، بەغدا و هەولێر و کۆمپانیاکانى نەوت ڕێککەوتنێکى سێ قۆڵییان بۆ هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان واژۆ کرد؛ ماوەی ڕێککەوتنەکە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2025 بوو.
دوێنێ ڕۆژی چوارشەممە 14ی کانوونی دووەمی 2026، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، لەبارەی ئەگەری درێژکردنەوەی ڕێککەوتنەکە، گوتی "ڕێککەوتنەکەی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ لە سەرەتاوە بەو جۆرە بوو، بۆ ماوەی سێ مانگ بێت؛ ئەگەر لە ماوەی سێ مانگدا هیچ لایەنێک تێبینی لەسەر نەبوو، ئەوا ڕێککەوتنەکە بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی جارێکی دیکە تازە دەبێتەوە."
شەوی ڕابردوو (چوارشەممە، 14ـی کانوونی دووەمی 2026)، ڕێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دارایی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە 27ی ئەیلوولی 2025، تاوەکوو 31ی کانوونی یەکەم، 19 ملیۆن و 594 هەزار بەرمیل نەوتی کوردستان لە لایەن کۆمپانیای 'سۆمۆ'ـەوە هەناردە کراوە و داهاتەکەی هەمووی چووەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق، بەمەش مووچەی فەرمانبەران بە ڕێژەی %70 لەلایەن خودی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دابین دەکرێت.
