هەسەدە: ئاڵۆزییەکان مەترسی لەسەر ئاسایشی زیندانەکانی داعش دروست دەکات
2 كاتژمێر لەمەوپێش
هێزەکانی سووریای دیموکرات 'هەسەدە' هۆشداری دەدات لەوەی کە پەرەسەندنی گرژییەکان و هێرشی گرووپەکانی سەر بە دیمەشق، مەترسی بۆ سەر ئاسایشی زیندانەکانی داعش دروست کردووە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 15ـی کانوونی دووەمی 2026، لە ڕاگەیەندراوێکدا هۆشداری دا، بەهۆی ئەم دۆخە ئەمنیی و هێرش و کۆکردنەوەی هێز لەلایەن گرووپەکانی سەر بە دیمەشقـەوە بۆ سەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دروست بووە، جموجۆڵی شانەکانی داعش دەستی پێکردووەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، "شانە تیرۆریستییەکانی داعش هەوڵ دەدەن ئەم ئاڵۆزی و گرژییە سەربازییانە بقۆزنەوە بۆ ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر ئەو زیندانانەی کە چەکدارەکانیانی تێدایە."
سەبارەت بە دۆخی ئێستای زیندانەکان، هەسەدە دڵنیایی داوە کە هێزەکانیان لە ئامادەباشی و وریایی تەواودان و سەرجەم ڕێوشوێنە پێویستەکانیان گرتووەتەبەر، جەختیشیان کردووەتەوە،"ئێستا زیندانەکان ئارامن و لەژێر کۆنتڕۆڵی تەواودان و ڕێگە بە هیچ پێشێلکارییەکی ئەمنی نادرێت."
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، هەسەدە هۆشدارییەکی توندی داوە لەوەی کە بەردەوامی ئەم گرژییە سەربازییانە دەبێتە هۆی تێکدانی سەقامگیری گشتی و دروستبوونی مەترسی ڕاستەقینە لەسەر زیندانەکان، ئەمەش هەڕەشەی گەڕانەوەی ناوچەکە دەکات بۆ خاڵی سفر دوای ساڵانێک لە قوربانیدان بۆ لەناوبردنی تیرۆر.
