ئیلهام ئەحمەد: لێدوانە دزەپێکراوەکانی شەرع راگەیاندنی شەڕە دژی کورد
2 كاتژمێر لەمەوپێش
بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر رایگەیاند، حکومەتی سوریا هێزێکی زۆری پڕچەکی رەوانەی دێرحافر و مەسکانە لە لادێکانی حەلەب کردووە، ئاماژەی بەوەشکرد؛ قسە دزەپێکراوەکانی ئەحمد شەڕع راگەیاندنی شەڕە دژی کورد و ئەوەشی لە شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە روویدا، دەرئەنجامی رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان بوو.
ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند؛ ئەوان دەزانن حکومەتی سوریا هێزێکی زۆری ناردوە بۆ دێر حافر و لە پەیوەندیدان لەگەڵ ئەمریکا و تورکیا و چەندین دەستپێشخەریان بۆ کەمکردنەوە و رێگریکردن لە پەرەسەندنی گرژییەکان کردوە و چاوەڕوانی وەڵامن.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردوە، حکومەتی ئەمریکا دەرگایەکی فراوانی بۆ حکومەتی کاتی سوریا کردوەتەوە و پێویستە کۆنگرێسی ئەمریکا بەدواداچوون بۆ ئەو مەرجانە بکات بۆ هەڵگرتنی سزاکان.
ئیلهام ئەحمەد بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا:
* حكومەتی دیمەشق هێزێكی زۆرەی رەوانەی (دێرحافر)و (مەسكەنە) كردووە لە ریفی حەلەب.
* لەگەڵ ئەمریكاو توركیا لە پەیوەندیداین و، چەند دەستپێشخەرییەكمان پێشكەشكردووە بۆ ئارامكردنەوەی دۆخەكەو چاوەڕوانی وەڵامی ئەوان دەكەین.
*قسە دزەپێكراوەكانی ئەحمەد شەرعی سەرۆكی راگوزەری سوریا بەواتای راگەیاندنی جەنگە دژ بە كورد (مەبەستی بڵاوكردنەوەی چاوپێكەوتنەكەیەكی لەگەڵ كەناڵی شەمس)
*ئەمریكا بوارێكی گەورەی بە حكومەتی راگوزەری سوریا داوە، دەبێت كۆنگرێس چاودێری مەرجەكانی هەڵگرتنی سزاكان بكات.
*بانگەشەی حكومەتی دیمەشق لەبارەی ئەوەی گوایا ئێمە رێككەوتنی 10ی ئازارمان جێبەجێ نەكردووە، ناڕاستەو لایەنە نێودەوڵەتییەكانیش ئەوە ئەزانن.
*هەموو كۆبوونەوەكان لەگەڵ بەرپرسانی دیمەشق لەژێر فشاری ئەمریكاو فەرەنسا بۆسەر حكومەت بەڕێوەچوون، لایەنە نێودەوڵەتییەكان بەباشی ئەمە ئەزانن.
*حكومەتی دیمەشق پێكهێنانی دەستەی دانوستانەكانی قبوڵ نەكرد.
*حكومەت چەندجارێك پەیوەندی بڕی تاوەكو لایەنی ئەمریكی دەستوەردانی كردو پەیوەندی دروستكردەوە.
*حكومەت خۆی بەسەر سوریادا سەپاندووەو بۆخۆیان دەستورێكیان راگەیاندووەو ئەنجومەنی گەلیان دروستكردووە.
*دەبێت وڵاتانی عەرەبی یارمەتی سوریا بدەن بۆ ئەوەی نەخزێتە ناو شەڕی ناوخۆییەوە.
