میلیشیاکانی ئێران دەستیان لە کوشتنی خۆپیشاندەرانی ئێران هەبووە

کاتژمێرێک لەمەوپێش



ئێران ئینتەرناشناڵ ئاشکرایکردووە، هێزی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و هێزە میلیشیا جیاوازەکانی ئێران لە وڵاتانی تر ڕۆڵی سەرەکییان لە کوشتنی خۆپیشاندەرانی وڵاتەکە لە ٨ و ٩ـی ئەم مانگەدا هەبووە.

بەگویرەی ئەو زانیارییانەی ئێران ئینتەرناشناڵ دەستکەوتوون، هەریەکە لە فیرقەی فاتمیونی ئەفغانستان، فیرقەی زەینەبیونی پاکستان و هێزەکانی حەشدی شەعبی بەشداربوون لە کوشتنی بەشێکی زۆری خۆپیشاندەران.

حەسەن هاشمیان، شرۆڤەکاری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ئێران ئینتەرناشناڵی ڕاگەیاندووە، دەسەڵاتدارانی ئێران پشتیان بە میلیشیاکان بەستووە، چونکە  قەبارەی خۆپیشاندانەکان ئەوەندە زۆربوون هێزەکانی ناوخۆی ئێران بە تەنیا نەیانتوانیووە کۆنترۆڵیان بکەن.

هاشمیان ئاماژەی بەوەشکرد، قەبارەی قوربانییەکان ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەم میلیشیا بە ئەزموونا دەستیان لە کوشتنی خۆپیشاندەران هەبووە و لەماوەی ئەو دوو رۆژەدا 12 بۆ 20 هەزار کەسیان کوشتووە، دەشڵێت، ئەو گروپانە بە مەبەستی کوشتن نێردراون و ئەزموونی شەڕکردنیان لە عێراق و سوریا هەیە.

نزیکەی سێ هەفتەیە خەڵکی ئێران خۆپیشاندانیان دژی رژێمی ئێران دەستپێکردووە و داوای رووخانی حکومەت دەکەن. بەپێی ئاماری کۆمەڵێک رێکخراوی مافی مرۆڤ، لە خۆپیشاندانەکاندا زیاتر لە شەش هەزار کەس کوژراون، بەڵام ئاژانسی رۆیتەرز دەڵێت، ژمارەی کوژراوان تا ئێستا سەروو دوو هەزار کەسە لە خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکانی ئێران.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار