ناوەڕۆکى کۆبوونەوەکەى ئەحمەد شەرع و تۆم باراک
2 كاتژمێر لەمەوپێش
سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا دەڵێت، ئەحمەد شەرع و تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا کۆبوونەوە. ئەحمەد شەرع "ئاماژەی بە گرنگیی دیالۆگ لە قۆناغی ئێستادا و بونیادنانەوەی سووریا بە بەشداریی هەموو سوورییەکان کرد."
دەقی راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا
ئەمڕۆ لە دیمەشق، بەڕێز سەرۆک ئەحمەد شەرع پێشوازی لە تۆماس باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا کرد، بە ئامادەبوونی ئەسعەد حەسەن شەیبانی، وەزیری دەرەوە و کۆچبەران.
بەڕێز سەرۆک جەختی لە یەکپارچەیی سووریا و سەروەرییەکەی بەسەر تەواوی خاکەکەیدا کردەوە، هەروەها ئاماژەی بە گرنگیی دیالۆگ لە قۆناغی ئێستادا و بونیادنانەوەی سووریا بە بەشداریی هەموو سوورییەکان کرد، لەگەڵ بەردەوامبوونی هەماهەنگیی هەوڵەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.
هەروەها لە دیدارەکەدا باس لە ڕێگاکانی بەهێزکردنی هاوکارییە ئابوورییەکانی نێوان سووریا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و دوایین پێشهاتە ناوچەییەکان کرا.
