بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر: چەک هەڵگرن و شەڕى مان و نەمان بکەن
3 كاتژمێر لەمەوپێش
بەڕێوەبەرایەتیی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا (خۆسەر)، بڕیاری چەکهەڵگرتنی گشتی ڕاگەیاند و داوای لە هاووڵاتییان کرد بۆ پاراستنی ناوچەکە پشتیوانی هەسەدە و یەپەژە بن.
بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە ڕاگەیێنراوێکی فەرمی ڕایگەیاندووە: گرووپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق ڕێککەوتنەکانیان پێشێل کردووە و لە چەندین قۆڵەوە هێرشیان دەستپێکردووە و تا ئێستاش بەردەوامە. لەم قۆناغەدا چەکهەڵگرتنی گشتی ڕادەگەیەنن. دیمەشق سوورە لەسەر پەرەدانی زیاتر بە بارگرژی سەربازی و ئامانجیانە برایەتی نێوان پێکهاتەکان تێکبدەن و توندوتیژی و ناکۆکی دروست بکەن.
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هۆشداریدا، ئەم قۆناغە چارەنووسسازە و هەڕەشەیەکی بوونییە بۆ سەر دەستکەوتەکانی شۆڕش و ناسنامەی کۆمەڵایەتی، بۆیە پێویستە خەڵک بۆ پاراستنی شارەکان و کەرامەتیان یەکدەنگ بن.
لە کۆتایی ڕاگەیێنراوەکەی خۆسەر هاتووە، جەخت لەسەر گرنگیی یەکڕیزیی سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە کراوەتەوە. دووپات کراوەتەوە، سەرەڕای نیشاندانی نیازپاکی و کشانەوە لە هەندێک ناوچە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتییانە، بەڵام لایەنی بەرامبەر بژاردەی شەڕی هەڵبژاردووە، ئەمەش پێویستی بە ئامادەباشییەکی گشتگیر هەیە تاوەکو ڕێگری لە هەر هەوڵێک بگیریێت کە ئامانجی تێکدانی یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی و ئاسایشی ناوچەکەیە.
ئەم ڕاگەیێنراوە لە کاتێکدایە، سەرەڕای بڕیاری کشانەوەی هەسەدە لە ڕۆژئاوای فورات، بەڵام سوپای عەرەبیی سووریا و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا لە دوێنێوە هێرشێکی چڕیان بۆسەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە دەستپێکردووە.
