ڤانس بۆ شەرع: کێشەکانتان لەگەڵ کورد بە ئاشتی چارەسەر بکەن

2 كاتژمێر لەمەوپێش



جێگری سەرۆکی ئەمریکا داوا لە ئەحمەد شەرع دەکات کێشەکانی گەلی کورد لە سووریا بە ئاشتی چارەسەر بکات.

ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ـی ئەمەریکی لە زاری دوو سەرچاوەی باڵای کۆشکی سپییەوە بڵاویکردەوە، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا، ئەنجامداوە.

 لە پەیوەندییەکەدا، ڤانس داوای لە شەرع کردووە کۆتایی بە گرژییەکان بهێنن و کێشەکانیان لەگەڵ کورد بە شێوەیەکی ئاشتییانە چارەسەر بکەن.

بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، جێگری سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریی داوەتە ئەحمەد شەرع. پێی گوتووە، بەردەوامبوونی گرژییەکان لەگەڵ کورد و ئاوارەبوونی خەڵکی زیاتر، ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی ئەمریکا جارێکی دیکە بیر لە سەپاندنەوەی سزا بەسەر سووریادا بکاتەوە. 

ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییە لە کاتێکدایە لە چەند ڕۆژی رابردوودا، گرژی و پێکدادان لەنێوان هێزەکانی حکوومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە چەندان ناوچە، بەتایبەتی لە دەوروبەری حەلەب، پەرەیان سەندبوو. 

لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی 16ی ئەم مانگە، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ سووریا، ڕایگەیاند ئەمریکا بە جددی لەسەر هێڵە. ئامانجیان ئەوەیە هەسەدە و حکوومەتی دیمەشق گرژییەکانیان وەلاوەنێن و بگەڕێنەوە بۆ گفتوگۆکانی تایبەت بە تێکەڵکردنی هێزەکانیان. باراک جەختی کردەوە واشنتن "بە شەو و ڕۆژ" کاردەکات بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و گەڕانەوەی هەردوولا بۆ دانوستان.

پاش ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە کانوونی یەکەمی 2024، ئیدارەی نوێی سووریا بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە 10ی ئازاری 2025، ڕێککەوتنێکیان بۆ تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدە لەگەڵ سوپای سووریا واژۆ کرد؛ بەڵام جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە ڕووبەڕووی ئاستەنگ بووەوە و هەردوولا یەکترییان بە پێشێلکردنی بەندەکانی تۆمەتبار کرد.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار