کێ دوژمنی کوردە؟ ئایا کورد فرۆشراوە؟

3 كاتژمێر لەمەوپێش



بڕوا بەرزنجی

١ـ لە دنیای سیاسەتدا خۆت بڕیار نادەیت لە دۆست و دوژمن، کۆمەڵێک هۆکار هەن کە گرنگترینیان تا ئێستا جوگرافیایە، دواتر بابەتی هاوسەنگی هێز و بەرژەوەندی جیاواز، وەک باوەو دەوترێت دۆست و دوژمن نییە بەرژەوەندی و هێز هەیە.

لە زانستی سیاسەتدا و بەتایبەتی سیاسەتی ڕیالیستی، دوژمن ئەو هێز و قەوارەیەیە کە  بەرژەوەندی  و بونت بخاتە مەترسی و  توانای ئەو مەترسی دروستکردنەی هەبێت و ئەمەیش پلان و ستراتیژبێت بۆی.

لەگەڵ ڕوداوەکانی ڕۆژاڤای کوردستان، گوتارێک کە ئیخوان و کوردە ئەسمیلە بووەکانی لە پشتە دژی ئەمریکا و ئیسرائیل و دنیایی خۆراوا پەرەی سەندووە کە گوایە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی کوردیان فرۆشتووە، بۆیە گرنگە بپرسین بەڕاست کوردفرۆشراوە و کێ دوژمنی کوردە؟

٢ـ با وەڵامی پرسیارەکەی سەرەوە بدەینەوە: 
کورد لە ڕۆژاڤای کوردستان، سەد ساڵە لەلایەن ناسیۆنالیزمی عەرەبییەوە لەناوبراوەو هەوڵی سڕینەوەی تەواوی دراوە، لەگەڵ ڕوداوەکانی بەهاری عەرەبیش شۆڕشی بەرپاکردووەو بەرگری لە بونی خۆی کردووە لەبەرامبەرە ئیسلامییە بەربەرییەکانی دەوڵەتی ئیسلامی لە شام و عێراق(داعش). لەوکاتەدا کورد و ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی یەک دوژمنیان هەبو کە داعش بوو، واتە ئێمە داعش کردینی بە هاوپەیمان، واتە هاوپەیمانی شەڕێکی هاوبەش بوین، هەردولا سودمەندبوین، ئێمە شەڕی ئەوانمان ئاسان کرد و پشگیری ئەوانیش کوردی پاراست. ئێستا کە داعش بووە بە خاوەنی دەوڵەت و بە پشگیری تورکیا و قەتەر و سعودیە و ئەردەن، هەمو جۆلان تا دیمەشق، غەزە و لوبنانیان داوە بە ئیسرائیل و غاز و نەوت و پارەی سوریا و سعودیە و قەتەر بۆ ئەمریکا و فەڕەنسا، تورکیا وەک هەمیشە بەرژەوەندی ملیاران دۆلاری لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا نوێکردۆتەوە، ئایا ئەگەر تۆ حاکمی ئەمریکا یان ئیسرائیل بیت بۆ بەرژەوەندی وڵات و میللەتی خۆت چی بڕیارێک دەدەیت؟

من دەزانم ئەمە تەواو نا مۆراڵییەو تەنها هێز و بەرژەوەندی ڕوت کاردەکات، بەڵام ئەمە واقیعی دنیایی سیاسەتە.

با زیاتر بڕۆینە ناو وەڵامدانەوەی پرسیارەکە: ئایا بەدرێژایی مێژوو ئیسرائیل یان ئەمریکا مرۆڤێکی کوردییان کوشتووە؟ گوندێکی کوردستانییان خاپور کردووە؟ ئایا سنورمان پێکەوە هەیە؟ ئایا بەرژەوەندی دژ بەیەک یان مەترسیمان بۆ سەریەک هەیە؟ بەدڵنیایی نەخێر.

لەبەرامبەردا نەتەوە گەورەکانی ناو دنیایی ئیسلامی بەدرێژایی مێژویی ئیسلامی هەوڵی سڕینەوەی مێژوو و کلتوری نەتەوە بچوکەکانی ناو ئەم شارستانیەتەیان داوە، ئەوانەی حوکمی دنیایی ئیسلامیان کردووە لە عەرەب و تورک و فارس، خۆیان بون بە خاوەنی هەموشتێک و تاسەر ئێسقان دینیان کرد بە کاڵا لە بازاڕی خۆیاندا، تورک پێش دەوڵەتی نەتەوەیی و لەسەردەمی خەلافەتی عوسمانی ناوی شار و گوندەکانی ئێمەی دەکرد بە تورکی وەک( قەرەداخ و قەرە گۆل و زۆر ناوچەیتر)، تەنانەت شیرینی سورییەکانیان دزی و فەلافل و حومسی فەلەستینییەکانیان کرد بەهی خۆیان.

ئەوان پلانی ستراتیژییان هەیە نەتەوەیەکی کۆنی وەک کورد لەناوببەن و خاکەکەی بکەن بەهی خۆیان، بۆیە دوژمنی هەمیشەیی کورد برا مسوڵمانەکانمان، برا عەرەب و فارس و تورکەکانمان، بۆیە چەپ و ڕاستیان، جینۆسایدی کورد بە ئەرکی یەکەمی خۆیان دەزانن.

ئێستا ڕونە، بە هەمو میتۆدێکی سیاسی و مێژویی ئەوەی دوژمنی کوردە براکانی سەر سنورمانن، نەک ئیسرائیل و ئەمریکا، ئەوەی تا ئێستایش ڕێگری دەکات لە ڕۆژئاڤا ئەنفالی کوردبکرێت لەلایەن تورک و عەرەب، ئەمریکایە، خۆ ڕونە کە هێزی مرۆیی و سەربازی ئێمە زۆر نا بەرامبەرە لەگەڵ ئەم دەوڵەتانە. 

٣ـ لە ڕاستیدا بە ئامانجگرتنی کورد ئەوەندە ڕەگ و ڕیشەی هەیە لەلایەن نەتەوە گەورەکانی ناو دنیایی ئیسلامی، کاتێک بەعسی عەرەبی کورد ئەنفال دەکات، ئیخوان موسلیمین دژایەتیکردنی بەعس حەرام دەکات و تەنانەت زۆرینەی کوردە ئیخوانییەکانیش بەیەک وشەیەیش دژی ئەنفال و کیمیابارانی نەتەوەکەیان ناوەستنەوە.

ئێستایش کە کوردی ڕۆژئاوا لەبەرامبەر کوشتن و بڕینی چەکدارە بەربەرییەکانی ئەحمەد جۆلانیدایە، مسوڵمانانی غەزە شایی دەگێڕن.

 ٤ـ ئەو قسەیەیی ئیخوانە کوردییەکان دەیڵێنەوە، گوایە کوردانی ڕۆژاڤا، دۆستی ئیسرائیل بون و فرۆشران، قسەی میتی تورکییەو بەپلان دەیانەوێت ئەمە بخەنە مێشکی مرۆڤی کورد، ئەگەرنا کورد لە کوێداو چی بۆ ئیسرائیل کردووە؟ دیسان بەهۆی کێشەی جوگرافی کە سنورمان پێکەوە نییە ئێمە و ئیسرائیل تا ئەمڕۆ قورسە ببین بە هاوپەیمان.

کورد لە مێژویی نوێدا دوو جار شەڕی ئیسرائیلی کردووە، کە هەردو جارەکە هێزە چەپ و نەتەوەییەکان بون، ئەویش پەکەکە و  مام جەلال و گروپەکەی، پێشدروستبونی یەکێتی. 

ئەمە بۆ ئەوە ناڵێم پەیوەندیم لەگەڵ ئیسرائیل پێ هەڵەبێت، بە پێچەوانەوە پەیوەندی نەبون لەگەڵ ئیسرائیل خۆی هەڵەیەکی سیاسی گەورەیە.

بەڵام ، تورکیا لەوەتەی ئیسرائیل دروست بووە پشتیوانێتی و یەکەم دەوڵەتی ئیسلامییە دانی پێداناوەو لەسەردەمی حوکمڕانی ئەردۆگانیش دوو ئەوەندە بازرگانی نێوانیان زیادی کردووە، تەنانت لەسەدا چلی پێداویستی ئەو کۆمەڵگەی نیشتەجێبووانەی لەسەر خاکی فەلەستین، ئیسرائیل دروستی دەکات، لەلایەن حکومەتەکەی ئەردۆگانەوە دابینکراوەو دابیندەکرێت.

زۆرینەی هاتوچۆو ترانزێتی ئیسرائیل لە ئەردەنەوەیەو بۆ پاسپۆرتی ئیسرائیلی فیزەیشی ناوێت، فەلەستینیان بۆ چۆڵکردووەو هەمو جۆلانیان داوەتێ، واتە هێندەی هەمو خاکی ڕۆژاڤا بەس خاکیان لە سوریا بۆ چۆڵکردووە، بەمەیش ئاسایشی ئیسرائیلیان بۆ سەد ساڵیتر مسۆگەرکردووە. هەمو ئەمانەیش بۆ ئەوەی بتوانن کورد بێ ماف بکەن، کەواتە کێیە بە هەمو توانایەوە دەیەوێت بمانکڕێت و بمانکوژێت؟ 

بێ دوو دڵی مێژوو و هەمو بەڵگەکان و عەقڵ پێماندەڵێت: دوژمن و بکوژی کورد عەرب و تورکن،  ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، یان دنیایی خۆراوا درۆزنن لەگەڵ پەیامەکانی خۆیان و بێ مۆراڵن لەگەڵ کوردیش، بەڵام برا مسوڵمانەکانمان بکوژمانن. ئەوە چی فەلسەفەو حیکمەتێکە کەسێک هەمو چیرۆکەکەت لەگەڵیدا هەوڵی کوشتنت بێت براتە، کەسێکی دور کە هاوکارت نابێت دوژمنە! ئیسلامییەکان دەیانەوێت سۆزی مسوڵمانبونی مرۆڤی کورد بەکاربهێنن و بیرمان ببەنەوە بکوژەکانمان کێن، بکوژییان لێکردوین بە براو ئەوەی بەدڵی ئێمە هاوکارمان نییە دەیکەن بە دوژمن.

٥ـ ئەوەی لە هەموی ناخۆشترە ئەوە نییە کە دوژمن دەتکوژێت، بەڵکو ئیسلامی سیاسی کوردی خۆی بەشێکە لەم شەپۆلە دژی خاک و خەڵکی کوردستان، ئەوان هەرگیز ئەنفال و هەڵەبجەو جینۆسایدی کورد لە باکور و ڕۆژاڤا و ڕۆژهەڵات نایان هەژێنێت، نەک هەر ئەوە دژی هەمو ئەو هێزانەن کە بەرگری لە خاک و خەڵکی کوردستانن لە هەرچوار پارچەی کوردستان.

ئیخوانی کوردی، مەلای وەک عەلی قەراخی و سەید ئەحمەد پێدەگەیەنێت، کە لەسەر چۆک بۆ ئەردۆگان و ئەحمەد جۆلانی دەکەون و دەپاڕێنەوەو دەگرین، بەڵام کوشتنی مبداڵ و کچ و کوڕی کورد، کێشەی ئەوان نییە.

هەر ئا لەم ساتەدا کە ئەم دێڕانە دەنوسم، وەزارەتی ئەوقافی سوریا، بەیاننامەیەکی دەرکردووە کە بە ئایەتێک لە سورەتی ئەنفال دەستپێدەکات و داگیرکاری و کوشتنی کوردان ناودەنێت فتوحات و جیهاد، داوا دەکات لە هەمو مزگەوتەکانەوە تەکبیران بکرێت! مزگەوتی ئیخوانە کوردییەکانیش بەرگری لەم ئەخلاق و عەقڵییەتە بەربەرییە دەکەن! ئایا مزگەوتەکانی تورکیاو قەتەر و فەلەستین و سوریا و ئەوانەی کوردستان کە مەلاکانیان ئیخوانین، بە دەست ئیسرایلەوەن؟!

٦ـ تێڕوانینی ئێمە لەبارەی کێشەی کورد لەسەر و دین و دنیایە، کەیسی کورد، بەدەر لەوەی خۆمان کوردین، کەیسێکی تەواو و مرۆیی و ئەخلاقییەو بەرگریکردن لێی تەنها ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتیمانی نییە، بەڵکو پێش هەمو شت مرۆییە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار