بۆنی خیانەت و خەڵەتاندنێک لە رێککەوتنەکەی ئەمڕۆدا دەکرێت
2 كاتژمێر لەمەوپێش
پێدەچێت رێککەوتنەکە خیانەتی تۆم باراک بێت لە کورد و تا رادەیەکیش لە ئەمریکیەکان.
ئارام ڕەفعەت
ئەمڕۆ دووشەممەیە بەکاتی کوردستان و ناوچەکە، بەڵام هێشتا هەر یەکشەممەیە لە ئەمریکا و پشووی کۆنگرێس و حکومەت و هەموو دەزگا پەیوەندیدارەکانی ئەمریکایە…
باراک و جۆلانی و لەپشت ئەوانیش تورکەکان فشار دەکەن کە رێککەوتنەکە لەکاتی پشوی ئەمریکا واژۆ بکرێت.
رێککەوتنەکەی ١٠ی ئازاریش، کە ئێستا کورد باجەکەی دەدات، بەهەمان شێوە لە رۆژی یەکشەممە بەکاتی واشنتۆن واژۆ کرا.
گومانێکی زۆر هەیە ئیملائاتی رێککەوتنەکە هی تۆم باراک خۆی بێت و ئەو عیفریتە وەک خواست یان ناوبژی یان ڤێرژنی ئەمریکی بۆ رێککەوتن لەگەڵ جۆلانی بەسەر کوردا بسەپێنێت.
هەر هێندەش واژۆ کرا، ئەمریکییەکان کێشەیان نییە و وەک ئاماژەیەکی رازی بوونی کورد مامەڵەی لەگەڵ دەکەن و دەبێتە ئەمری واقیع و دەبێت کورد پێیەوە پابەند بێت.
پەیامەکەی لێندزی گراهام سەرەداوێکی گرنگە بۆ ئاشکرا بوونی ئەم فێڵە.
ئەو بەڕاشکاوی دەڵێت نە من و نە هیچ کام لە ئەندامانی کۆنگرێس هیچ وردەکاریەک دەربارەی رێککەوتنەکە نازانین.
نازانین ئیملائاتی کێیە و جگە لە تورکەکان، خواست و سەرنجی کێی دیکەی تێدا وەرگیراوە.
ئەمە بۆخۆی پەیامێکی ناراستەوخۆی گراهامە بۆ رۆژاڤا…
رۆژاڤا دۆست و هاوسۆزیان زۆرن لە کۆنگرێس و ئیدارەی ئەمریکیدا.
بەر لە چوون بۆ دیمەشق و واژۆکردنی رێککەوتنەکە، بەهەر دەلیل و بیانویەک دەبێت رۆژاڤا دڵنیا بێت کە ئەو رێککەوتنە تەعبیر لە خواست و سیاسەتی ئەمریکیەکان دەکات یان فێڵێکی باراکە و دەیەوێت بەناوی سیاسەتی ئەمریکی بەسەر کوردیدا بسەپێنێت..؟
