بێ ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ته عه‌ره‌بییه‌كان له كایه‌ی سیاسه‌تدا
2 كاتژمێر لەمەوپێش
دكتۆر صه‌باحی غالیب
له مه‌یدانی سیاسه‌تی ده‌وڵه‌تانی عه‌ره‌بیدا له نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌مه‌وه تا ئێستا، عه‌ره‌ب وا خۆیان پیشان ده‌ده‌ن گوایا مه‌سه‌له‌یه‌كی جه‌وهه‌ری ناوكۆیی له نێوانیاندا هه‌یه، ئه‌ویش یه‌كێتی و ئازادی گه‌له‌كانی عه‌ره‌ب و وڵاتانی عه‌ره‌بییه و له‌و پێناوه‌دا خه‌بات ده‌كه‌ن، جه‌وهه‌ری ئه‌و بابه‌ته‌ش ده‌به‌ستنه‌وه به بوونی ئیسرائیل و چاوچنۆكی و ده‌ستوه‌ردانی ئیستیعمار له كاروباری وڵاتانی عه‌ره‌بیدا، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته، گشت ده‌وڵه‌تانی عه‌ره‌بی، ڕێكخستن، حیزب و ڕووناكبیرانی چه‌پ و پێشكه‌وتووی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه هه‌موو توانایه‌كی خۆیان كۆده‌كرده‌وه بۆ به‌گژداچوونه‌وه‌ی ئیسرائیل و ئیستیعمار، وه‌ك له مێژووی تازه‌ی عه‌ره‌ب چه‌سپیوه له 1948دا، شه‌ڕیان له دژی حكومه‌تی تازه دروستكراوی ئیسرائیل ڕاگه‌یاند، له ماوه‌یه‌كی كه‌مدا هه‌موو سوپا و هێز، سیاسه‌ت و بیركردنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ته‌كان و ده‌سته‌بژێری عه‌ره‌ب تێك‌شكان و تووشی شه‌رمه‌زاری مێژووی خۆیان بوون.
ئه‌فسه‌رانی به حساب ئازادیخوازانی عه‌ره‌ب له میسر به سه‌ركردایه جه‌مال عه‌بدولناصر له 1952دا، كوده‌تایان به‌سه‌ر ڕژێمی مه‌له‌كی ئه‌و وڵاته‌دا كرد و ڕژێمی كۆماریان دامه‌زراند، هه‌ر له یه‌كه‌م خوتبه‌ی گه‌رموگۆڕی عه‌بدولناصردا ئه‌وه‌ی ڕاگه‌یاند كه ئامانجی سه‌ره‌كی شؤڕشی ئه‌وان! بۆ ئازادی عه‌ره‌ب و گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌روه‌ری فه‌له‌ستین و هه‌موو خاك و گه‌لانی عه‌ره‌به، دروشمی له گه‌نداوه‌وه تا ئۆقیانووس ئامانجی سه‌ره‌كی شۆڕشه‌كه‌یانه، تا ڕۆژكار ده‌هاته پێشه‌وه ناصر زیاتر له توانای خۆی زیاتر بیری ده‌كرده‌وه، ئه‌وه بوو له نیسانی 1967دا، داوای له هێزی ئاشتی پارێزی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان كرد كه له نێوانی میصر و ئیسرائیل‌دا بوو چۆڵبكه‌ن، هێنده‌ی پێنه‌چوو ته‌نگه‌ی تیرانای داخست كه تاكه به‌نده‌ری ئیسرائیل بوو له‌سه‌ر زه‌ریای سوور. ئیسرائیل ئه‌و كرده‌وه‌ی به ڕاگه‌یاندنی جه‌نگ وه‌رگرت، بۆیه بێ یه‌ك و دوو، له به‌ره‌به‌یانی 5ی حوزه‌یرانی 1967دا، هێرشێكی به‌ر فراوانی له ناكاوی كرده سه‌ر میصر و سوریا، له یه‌كه‌م هه‌له‌وه، هێزی هه‌وایی میصر و سوریای نابووت و خاپور كرد، له ماوه‌ی شه‌ش ڕۆژدا سه‌ركه‌وتنێكی به ده‌ستهێنا به نموونه‌ی شه‌ڕی سه‌ركه‌وتوو له چه‌رخی بیسه‌مدا تۆماركرا، هه‌موو سینا، قودسی شه‌رقی، غه‌ززه و ڕۆژهه‌ڵاتی ڕوباری ئوردن و به‌رزاییه‌كانی جۆلانی سوریای داگیر و به‌یداخی ئیسرائیلی چه‌قانده ڕۆحی ترسنۆكی و له خۆباییبوونی عه‌قڵیه‌تی شۆڤێنیی فه‌رمانڕه‌وایانی وڵاتانی عه‌ره‌بی، چه‌پ و ڕاست، ڕێكخستنه موسڵمانه توندڕه‌وه‌كانی جیهانی عه‌ره‌ب. له ئه‌نجامدا چوار پێته‌خت: قاهیره، دیمه‌شق، عه‌ممان و به‌یروت كه‌وتنه به‌ر ڕه‌حمی هێرش و زاڵبوونی ئیسرائیل، ئه‌گه‌ر ئیسرائیل توانای مرۆیی و زه‌مینی له سوپاكه‌یدا هه‌بوایه، ئه‌وه به دڵنیاییه‌وه، ده‌یتوانی هه‌ر چوار پێته‌خه‌كه بخاته ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆیه‌وه.
له به‌رامبه‌ر ئه‌و شه‌ڕه‌ی عه‌ره‌ب و ئیسرائیل، مه‌لا مسه‌فا بارزانی بۆ هاوكاری عه‌ره‌ب، وه‌ك پشتگیری و هاوچاره‌نووسی، ده‌ستوبرد شه‌ڕی له‌گه‌ڵ سوپای عێڕاقدا ڕاگرت، كه ئه‌وه عه‌قڵیه‌تێكی ستراتیژی و دوور مه‌ودای بارزانی بوو، په‌یامێك بوو بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی گشت عه‌ره‌ب و وڵاتانی ئیسلامی، كه كورد له ته‌نگانه‌دا پشتی عه‌ره‌ب ده‌گرێ، به‌ڵام ده‌وڵه‌تان و خه‌ڵكی عه‌ره‌ب به گشتی له‌و هه‌ڵوێسته به‌رزه‌ی كورد تا ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێ، تێنه‌گه‌یشتن، چونكه ئه‌وان له ده‌سه‌ڵاتدا باوه‌ڕیان به برایه‌تی ئینسانییه‌ت و ئیسلامی، سۆز و شارستانییه‌ت، عه‌قڵانی و مافی نه‌ته‌وه و مرۆڤی جگه له عه‌ره‌ب نییه، باوه‌ڕیان وایه كه كورد و ئه‌مازیقی نه‌ته‌وه‌كانی دیكه له‌سه‌ر خاكی عه‌ره‌بن. بۆیه له جیای ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی كورد، له ئه‌ده‌بیاتی سیاسه‌تی عه‌ره‌بیدا، ناتۆره‌ی ئیسرائیلی دووه‌میان له كورد نا، هێنده گه‌وج و نه‌فامبوون، تا ئێستاش كه ئه‌و بالۆره‌یه ده‌ڵێنه‌وه، یه‌كێك له ناویاندا په‌یدا نه‌بوو بڵێ: له كاتێكدا كه هه‌موو عه‌ره‌ب له به‌رامبه‌ر ئیسرائیلێكدا بێ قودره‌تن و مل كه‌چ و سه‌ر شۆڕن، ئیدی چۆن ده‌توانن ده‌ره‌قه‌تی دوو ئیسرائیل بێن!؟
له دوای ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ی 1991یش كه زیاتر له دوو فه‌یله‌قی سوپای شۆڤێنی و داگیركه‌ری عه‌ره‌بی عێڕاقی له به‌رامبه‌ر ئازایه‌تی خه‌ڵكی شاره‌كاندای باشووری كوردستاندا، خۆیان به ده‌سته‌وه دا، دیسان كورد به هه‌ڵوێستی موسڵمانانه و مرۆڤانه و شه‌ره‌فی كوردانه، ئازاری سه‌ربازێكیان نه‌دا، نان و ئاو و پۆشاكیشیان دانێ، ئه‌وه له جێی خۆیدا بووه، به‌ڵام نه‌ده‌كرا ئه‌فسه‌ره پله باڵاكان كه ڕاسته‌وخۆ ده‌ستیان له ئه‌نفاله‌كان و كاولكردنی كوردستاندا هه‌بوو، بێ دادگاییكردن و بێ سزادان بۆی ده‌ربچن، سیاسه‌تمه‌داری به ده‌سه‌ڵاتی كورد پێویسته ئه‌وه بزانێ كه ناكرێ و ناكرێ به‌رامبه‌ر سه‌ركرده و ئه‌فسه‌رانی دوژمنی سه‌ر و شه‌ره‌ف و ماڵمان، هه‌ر نیاز پاك بین، به‌رامه‌ر به بێ ویژدانی ئه‌وان ئێمه نموونه‌ی ویژان و سۆز بین. له‌وه پێشیش له ساڵی 1963دا كه سوپای عه‌ره‌بی سوریا بۆ هاوكاری سوپای عه‌ره‌بی عێراقی هاتن له دژی شؤڕشی ئه‌یلوول، تێشكان و به‌سه‌ر شۆڕی گه‌ڕانه‌وه، كۆمه‌ڵێكیان لێ به دیل گیرا، ئه‌وانیش بێ ئازاردان و بێ بێ ڕێزی گه‌ڕێنرانه‌وه بۆ سوریا. گومانی تێدا نییه، كه عه‌قڵی سیاسی كورد به درێژایی مێژووی ململانێی له‌گه‌ڵ دوژمنه‌كانیدا، عه‌قڵی پاراستنی كولتووری كورده‌واری و مرۆڤانه‌یه‌تی له مه‌یدانی شه‌ڕدا، كه ئه‌ویش نیشانه‌ی بایه‌خی ڕه‌وشت به‌رزییه‌تی به‌رامبه‌ر به سوپای داگیركه‌ر، له‌و باره‌وه چه‌ند خاڵێكی گه‌ش هه‌یه: یه‌كه‌میان، كورد هه‌میشه خۆپارێزی و به‌رگریكار بووه نه‌ك هێرشبه‌ر، دووه‌م، ڕێزگرتنی دیل و زیندانیانی جه‌نگ، بۆ ڕاگرتنی ئه‌و نرخه به‌رزه‌ی به‌ها و مرۆییه، پێویسته له‌ناو خۆشدا له ململانێی براكاندا! كه هیچ بیانوویه‌ك ناده‌دۆزرێته‌وه بۆ ئه‌و دوژمنایه‌تییه، هاوكێشه‌یه‌كی خۆڕاگری هاوكێشه بچه‌سپێ. كاتی خۆی پێشه‌وای گه‌وره‌ی كورد و سه‌رداری موسڵمانان و یه‌كێك له سه‌روه‌ره‌كانی مرۆڤایه‌تی، صه‌ڵاحه‌دینی ئه‌یووبی هه‌میشه له جه‌نگ و ئاشتیدا، په‌یڕه‌وی عه‌قڵ و ژیربێژی و بیری مرۆڤانه‌ی ده‌كرد.
له ماوه‌ی 59 ساڵدا، سوریا، قڕه قڕی ئه‌وه‌ی بوو كه سه‌ركردایه‌تی "به‌ره‌ی قوربانی و خۆڕاگریی جیهانی عه‌ره‌بی ده‌كا، كه‌چی نه‌یتوانی بۆ سه‌ندنه‌وه‌ی به‌رزاییه‌كانی جۆلان، ته‌نانه‌ت بۆ یه‌ك جاریش له ژووری نووستنی خۆشیاندا نه حافز ئه‌سه‌د نه به‌شاری كوڕی جگه له هاشوهوش، ئازایه‌تییان نه‌بوو ته‌ماشای چاوی ئیسرائیل بكه‌ن، به هه‌موو وڵاتانی ئیسلامیشه‌وه له به‌رامبه‌ر كه‌ڵه‌گایه‌تی ئیسرائیل، پیاوێك په‌یدا نه‌بوو، ده‌نگێكی لێبه‌رزبێته‌وه و بستێك له خاكی داگیركراویان ڕزگاربكه‌ن.
له 1979ه‌وه، كه ڕژێمی ئێرانی كۆماری دروستبووه، هێنده‌ی ئیسرائیل، عه‌ره‌بی سووك و ڕسوا كردووه، دیسان هه‌ر له‌و كاته‌وه به هه‌موو عه‌ره‌ب و وڵاتانی ئیسلامی نه‌یانتوانیووه له‌به‌ر ئه‌و كۆماره نا موسڵمانه‌دا سنوورێكی بۆ دابنێن، تا وای لێهات ئه‌ویش وه‌ك ئیسرائیل، چوار پێته‌ختی عه‌ره‌بی: دیمه‌شق، به‌یروت، به‌غدا و صه‌نعای داگیركرد و له وزه‌ی خستن، وڵاتانی عه‌ره‌بی و زۆرینه‌ی بیرمه‌ند و ڕۆشنبیرانی عه‌ره‌ب له به‌رامبه‌ر ئێران‌دا به سه‌ركزی مانه‌وه. به‌ڵام له به‌رامبه‌ر كورد، وڵاتانی عه‌ره‌بی و داگیركه‌ران له دژی كوردی هه‌میشه به‌رگریكار له بوونی خۆی، له‌سه‌ر خاكی خۆی، سه‌رده‌كه‌ن به‌ناو یه‌كدا و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه دوژمنی سه‌رسه‌ختی یه‌كدین، به‌ڵام له سه‌ر لێدان و سه‌ركوتكردن و تۆقاندنی كورد پشتی یه‌كدی ده‌گرن.
له‌وه‌ته‌ی دۆزی كورد هه‌یه، یه‌كێك له نهێنییه‌كانی زۆرانبازی كورد و داگیركه‌رانی، بوونی عه‌قڵ و ویژدان، بیر و لێكدانه‌وه‌ی مرۆڤانه‌یه له‌سه‌ر ڕه‌وایی ئامانج و داواكارییه‌كانمان، كه‌چی له به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌دا، دوژمنه‌كانمان، نه عه‌قڵی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئاشتی، نه لێكدانه‌وه‌ی مرۆڤانه، ته‌نانه‌ت تێگه‌یشتنی عه‌قڵانیشیان بۆ ئه‌و ئایینه‌ی گوایا باوه‌ڕیان پێیه‌تی نییه، هه‌ر نه‌بوونی ئه‌و عه‌قڵه‌یه كه له‌م سه‌رده‌مه‌دا، زۆربه‌ی كاربه‌ده‌ستانی وڵاتانی جیهان، نه ڕێز له ده‌ستوور و قانوونه‌كان و به‌ڵێن و به‌رنامه‌كانی خۆیان ده‌گرن، نه حورمه‌تی ئیمزای په‌یمانه نێو ده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌گرن، له هه‌مووشی مه‌ترسیدارترین نه ئایین لای ئه‌وان قه‌دری ماوه.
له‌به‌ر ڕۆشنایی ئه‌و بۆچوونه‌ی سه‌روه‌دا، تا دوژمنان و داگیركه‌رانی كورد خاوه‌نی ئه‌و بیركردنه‌وه چه‌واشه‌كاری و بۆچوونه سه‌قه‌ته بن، له هه‌موو به‌شه داگیركراوه‌كانی كوردستاندا، ئه‌و جۆره كرده‌وه دڕندانه، وه‌ك چۆن له ڕۆژئاوای كوردستان ڕوویاندا، له سه‌ر هه‌ر بستێكی خاكی كوردستان درێژه‌یان ده‌بێ، ته‌گبیر بۆ كورد، هه‌ر عه‌قڵی ڕووناك، بیری نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی و تێگه‌یشتن له سیاسه‌تی ڕۆژه، هه‌ر هاوار و داخوازییه بۆ عه‌قڵی نوێ، بۆ به‌رنامه‌ی نوێ، سه‌ركردایه‌تی به‌رپرسیار، هاوكاری ناوخۆ، گرێدانی به‌رژه‌وه‌ندیمان له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌موو ئه‌وانه‌ی به ڕاستگۆیی و به‌رژه‌وه‌ندی یه‌كدی، له گه‌ڵمان دێنه پێشه‌وه.
